پزیشکیان بۆ گەلی ئێران: پێویستە یەکڕیز و تەبا بین
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە میانەی بەشداریکردنی لە مانۆڕێکی سەربازی لە تاران رایگەیاند، پاراستنی شکۆ و سەربەرزیی وڵات پێویستی بە یەکڕیزی و هاوسۆزیی سەرجەم ئێرانییەکانە، جەختیشی کردەوە کە تەبایی ناوخۆیی دوژمنان بێهیوا دەکات.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی "ئیسنا"ـی ئێرانی، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، لەژێر دروشمی "لبیک یا خامنەیی" و بە بەشداریی چین و توێژە جیاوازەکان، مانۆڕێکی بەرفراوان لە تاران بەڕێوەچوو، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بەشدار بوو و لە نێو ئامادەبوواندا ستایشی هاوسۆزی، یەکڕیزی و تەبایی و هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد.
لە پەراوێزی مانۆڕەکەدا، مەسعود پزیشکیان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان جەختی لە گرنگیی یەکڕیزی لەم قۆناغەدا کردەوە و رایگەیاند "یەکگرتوویی و هاودەنگی لە سەرجەم پرسەکاندا، دوژمنان لە گەیشتن بە مەرامەکانیان نائومێد دەکات".
هەروەها جەختی لە پێگە و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەیان کردەوە و ستایشی هۆشیاریی و هاودەنگی بەشداربووانی کرد.
لە کۆتاییدا، سەرۆککۆماری ئێران دووپاتی کردەوە "ئێران موڵکی هەموو ئێرانییەکانە؛ پاراستنی شکۆ و سەربەرزیی ئەم خاکەش پێویستی بە یەکڕیزی، تەبایی و بەشداریکردنی گشتیی هەموو لایەک هەیە".