ئێران به‌ ياسايه‌كى نوێ وه‌ڵامى سزاكانى ئه‌مريكاى دايه‌وه‌

بودجه‌ى سوپاى پاسداران زياتر كراوه‌

K24 – هه‌ولێر:

ئامادەکارانی ئەو پڕۆژە یاسایەی لە لایەن پەرله‌مانی ئێرانەوە بۆ بەرەنگار بوونەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا پەسند کرا دەڵێن: پڕۆژە یاساکەی ئێران تەنیا کاردانەوەیە و بە گوێرەی گەمارۆکانی ئەمریکا ئامادە کراوە. هۆشداریش دەدەن کە ئەگەر ئەمریکا گوشارەکانی زیاتر بکات ئەوا کاردانەوەکانی ئێرانیش توندتر دەبن.

پەرله‌مانی ئێران بە زۆرینەی رەهای دەنگەکان، پڕۆژە یاسایەکی بۆ وه‌ڵامدانەوەی نوێترین گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر تاران پەسند کرد.

پڕۆژە یاساکەی کۆنگرێسی ئەمریکا بە هۆی بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران و دەستوەردانەکانی سوپای پاسداران و پیشێلکردنی مافی مرۆڤ هەموو ئەو وەزارەت و رێکخراو و کەسایەتییە ئێرانییانە دەخاتە بەر گەمارۆ کە لەم سێ بوارەدا دەستیان هەبێ.

لە بەرامبەریشدا پڕۆژەیاساکەی ئێران هاوکات لەگەڵ ئەوەی گەمارۆ دەخاتە سەر هێندێک لایەنی ئەمریکی، پشتیوانێکی زۆری داراییش بۆ ئەو لایەنە ئێرانییانە دابین دەکات کە گەمارۆکانی ئەمریکا دەیانگرێتەوە.

عەباس عەراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی و سەرۆکی دەستەی چاودێری رێککەوتننامەی ئەتۆمی گوتى: بە ڕای ئێمە ئەم پڕۆژەیاسایەی ئێمە لەو یاسایەی کۆنگرێسی ئەمریکا پەسندی کردووە زۆر بەهێزترە. لەبەر ئەوەی نەک هەر گەمارۆ دەخاتە سەر هێندێک لایەنی ناو حکوومەتی ئەمریکا و هاووڵاتییانی ئەمریکا بەڵکوو پشتیوانی و پشتگیری لە هێزە چەکدارەکانی ئێران و ئەو وەزارەتانە و هاووڵاتییانی ئێرانیش دەکات کە گەمارۆکانی ئەمریکا دەیانگرێتەوە.