بانگەشەی ریفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان دەستیپێكرد

گەلی كوردستان بڕیار لە ئایندەی خۆی دەدات

K24 - ھەولێر

شاری ھەولێر وەكو یەکەم وێستگەی بانگەشەی ریفراندۆم، بەشێوەیەکی فەرمی بانگەشەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی تێدا راگەیاندرا.

پەیامنێری كوردستان 24 رایگەیاند، كاتژمێر 1 بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نزیك قەڵای شاری ھەولێری پایتەختی ھەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆری خەڵك بە شێوەیەكی فەرمی بانگەشەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانیان دەستپێكرد.

كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان، سەبارەت كاتی دەستپێكردنی بانگەشەی ریفراندۆم، ئاشكرای كردبوو، رۆژی سێشەممە 5 ئەیلوول واتە ئەمڕۆ بانگەشە دەستپێدەكات و تاوەكو رۆژی 22 ئەیلوول بەردەوام دەبێت.

لە رۆژی 7/6/2017، لە كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان بە سەر پەرشتی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كورستان، بڕیاردرا رۆژی 25 ئەیلوولی ئەمساڵ ریفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت.