قەرەیلان: ئەردۆغان كۆتایی بە پڕۆسەی ئاشتی ھێنا

"پەكەكە دەست پێشخەرنەبوو لە دەستپێكردنەوەی شەڕ"

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی پەكەكە دەڵێت، ئەوان كۆتاییان بە پرۆسەی ئاشتی نەھێنا، بەڵكو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بوو كۆتایی بەو پرۆسەیە ھێنا.

موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پەكەكە بە ئاژانسێكی نزیك لە پەكەكەی راگەیاند، چەند لایەنێك لەو باوەڕەدان پەكەكە كۆتایی بە پرۆسەی ئاشتی ھێناوە و دەستی بە شەڕ كردەوە، بەڵام ئەم بۆچوونە ناڕاستە و رەجەب تەیب ئەردۆغان دەستی بەشەڕ كردەوە.

گوتیشی، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەركەوتبایە ئەوا توركیا دەبووە وڵاتێكی پێشكەوتوو و دیموكراسی، بەڵام ئەردۆغان بۆ دەسەڵاتی تاكەكەسی و گۆڕینی سستمی وڵات بۆ سەرۆكایەتی، كۆتایی بە پرۆسەی ئاشتی ھێنا و دەستی بە شەڕ كرد لە دژی كورد و پەكەكە.