سێ گه‌شتیار له رووباری سیروان خنكان
دووانييان بران
K24 - گه‌رمیان:
دواى ئه‌وه‌ی پاسێكی گه‌شتیارانی عه‌ره‌ب له به‌غداوه گه‌یشته ده‌ربه‌ندیخان و به مه‌به‌ستی به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش، چه‌ند گه‌شتیارێك چوونه ناو ئاوه‌كه، به هۆی نه‌زانینی مه‌له‌وانیش سێ له‌و گه‌شتیارانه له‌ناو ئاوه‌كه خنكان، كه دوانییان بران.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان 24، وێڕای نه‌زانینی مه‌له‌وانی، ساردی ئاوه‌كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر جه‌سته‌ی گه‌شتیاره‌كان هه‌بووه و نه‌یانتوانیوه خۆیان له‌ناو ئاوه‌كه ده‌رباز بكه‌ن و خنكاون.
ته‌مه‌نی ئه‌و گه‌شتیارانه له نێوان 25 بۆ 41 ساڵییه، دواى رووداوه‌كه‌ش، راسته‌وخۆ تیمه‌كانی پۆلیس و ئاسایش گه‌یشتنه شوێنی رووداوه‌كه و له‌لایه‌ن تیمه‌كانی غه‌واسی سه‌ر به به‌رگری شارستانییه‌وه، دوای دوو كاتژمێر گه‌ڕان و به هاوكاری هاووڵاتییان، ته‌رمه‌كان ده‌رهێنراون.
گه‌شتیاره‌كان دانیشتووی شاری به‌غدان به‌ناوه‌كانی سه‌یف حه‌كیم عه‌بدولواحید، 27 ساڵ، پۆلیسی عێراقییه له‌گه‌ڵ براكه‌ی به‌ناوی ئه‌حمه‌د حه‌كیم عه‌بدولواحید، 28 ساڵ، پارێزه‌ر و عه‌لی كازم وادی، 41 ساڵ، فه‌رمانبه‌ری وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق.
ته‌رمی هه‌ر سێ گه‌شتیاره‌كه، ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراوه و ئاماده‌كاری بۆ ره‌وانه‌ی ته‌رمه‌كانییان بۆ به‌غدا ده‌ستیپێكردووه.