ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی بۆ پرسی ریفراندۆم دێته لای بارزانی
"كۆمكاری عه‌ره‌بی بۆ گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات"
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی له‌نده‌نی، ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌یت، ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی، به‌م نزیكانه سه‌ردانی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یشی بۆ گفتوگۆكردنه له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كه بڕیاره رۆژی 25/9/2017 ئه‌نجام بدرێت.
سه‌رچاوه‌یه‌كی دیپلۆماسی عه‌ره‌بی به رۆژنامه‌كه‌ی گوتووه "جموجوڵه‌كانی ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی له چوارچێوه‌ی ئه‌وله‌ویاته پێویستهكاندایه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو هه‌وڵێك بدات و سوود له هه‌موو ده‌رفه‌ته كراوه‌كان ببینرێت تا هه‌ولێر و به‌غدا بۆ گفتوگۆ هانبدرێن و دانووستان بكه‌ن. هه‌ر بۆیه دیداری چاوه‌ڕوانكراوی ئه‌مینداری كۆمكاری عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، گفتوگۆی روون و راشكاو و كراوه‌یه له‌باره‌ی ریفرانۆدمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌وه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و نامه‌یه‌یه كه پێش مانگێك ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی وه‌ك ده‌ستپێشخه‌ری خستبوویه روو و به تایبه‌تی بۆ بارزانی ناردبوو و رێزێكی زۆری وه‌ك رێبه‌ری كورد بۆ ده‌ربڕێبوو و پێیوایه له توانایدایه بڕیاری قورس بدات بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بكه‌ن".
سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێت: "ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی پێیوایه، گرنگه سه‌ركردایه‌تی كورد به وردی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌ڵوێسته‌كه بكه‌ن، پێش ئه‌وه‌ی هه‌نگاو بۆ ریفراندۆم بنێن، چونكه كاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر پێگه‌ی عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت و داهاتووی كورده‌كان و وڵاتانی دراوسێیان ده‌بێت، هه‌موو ئه‌وانه له دیدگای كۆمكاری عه‌ره‌بییه‌وه پێویسته به هه‌ند وه‌ربگیرێن پێش ریفراندۆمه‌كه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌یت، له ماوه‌كانی رابردووش‌دا، له رێگه‌ی نامه‌وه بیروڕایان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كردووه‌و له نامه‌كه‌یدا بۆ بارزانی خواستی كۆمكاری عه‌ره‌بی بۆ دواخستنی ریفراندۆم خستووه‌ته ڕوو و داوای گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و په‌یوه‌ستبوون به ده‌ستوور و سیستمی فیدراڵی كردووه كه پێكهاته‌كانی عێراق بڕیاریان لێیداوه. بارزانی وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌و هه‌ڵوێستی كوردی روونكردووه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئه‌و كێشانه‌ی به‌رده‌وام هه‌یانه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا".
سه‌رچاوه دیپلۆماسییه‌كه به شه‌رقولئه‌وسه‌تی گوتووه: "هێشتا ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی پێیوایه، نابێت ده‌رگای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كورد دابخرێت كه نوێنه‌رایه‌تی ره‌هه‌ندێكی گرنگی جیهانی عه‌ره‌بی ده‌كه‌ن، به‌ڵكو پێویسته تا دوورترین ماوه برۆین بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی ره‌سه‌نی ناو كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی له عێراق و سووریا بمێننه‌وه، به تایبه‌تی كه ره‌وشی هه‌رێمایه‌تی ته‌حه‌موولی هه‌ڵوه‌شان و كێشه‌ی زاتر ناكات، به‌ڵكو پێویسته هه‌موو هه‌وڵه‌كان یه‌كبخرێن تا به‌ره‌نگاری هه‌ڕه‌شه راسته‌قینه‌كان ببینه‌وه كه رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵگاكان به‌گشتی به عه‌ره‌ب و كورده‌وه بووه‌ته‌وه به تایبه‌تی تیرۆر به هه‌موو شێوازه‌كانیه‌وه".
رۆژنامه‌كه له‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی پرسیووه، ئه‌و هه‌ڵوێسته چییه كه كۆمكاری عه‌ره‌بی بۆ ناچاركردنی كورد ده‌یگرێته‌به‌ر تا له ریفراندۆم پاشگه‌زببنه‌وه؟.
له وه‌ڵامدا سه‌رچاوه‌كه گوتوویه‌تی: "ده‌سته‌واژه‌ی ناچاریی له‌وباره‌وه له ئارادا نییه، ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی به ته‌واوه‌تی له‌و هزره‌وه دووره و وابیرناكاتهوه، به‌ڵكو له ساڵانی رابردوودا كۆمكاری عه‌ره‌بی توانیوویه‌تی په‌یوه‌ندی و رێزگرتن له‌گه‌ڵ كیانی كوردیدا بونیات بنیت، جموجوڵی ئه‌مینداری گشتیش له چوارچیوه‌ی ئه‌ركه بنهڕهتییهكانیدایه و وه‌ك پاسه‌وانی ئه‌و ئاراستانهیه كه به‌رده‌وام له لوتكه‌كانی عه‌ره‌بیدا جه‌خت له یه‌كپارچه‌یی عێراق ده‌كاته‌وه، گرنگه به لایه‌وه پاڵپشتی گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بكرێت و به ده‌رچوونی ده‌زانێ له‌م كێشه‌یه‌ی ئێستا".