كۆسرەت رەسوڵ: پەرلەمان بە دەنگی گەل ھەڵبژێردراوە و پێویستە كارا بكرێتەوە
گەلەكەمان پێویستمان بەئارامی و گفتوگۆی بەرپرسیارانەیە
K24 - ھەولێر
كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی گەل ھەڵبژێردراوە و پێویستە كارابكرێتەوە و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانی و یاساییە گرنگەكان لەوێ بڕیارو یاسای بۆ دەربكرێ.
بە گوێرەی میدیای فەرمی یەكێتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی فراكسیۆنی سەوز لە پەرمانی كوردستان، كۆسرەت رەسوڵ رایگەیاندووە: "كوردستان بەهەلومەرجێكی هەستیارو چارەنوسازدا تێدەپەڕێت و بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هێنانەدی یەكێتی ریزەكانی گەلەكەمان پێویستمان بەئارامی و گفتوگۆی بەرپرسیارانەیە".
راشیگەیاندووە: "پەرلەمان وەك دەزگایەكی نیشتمانی گرنگ، كە بەدەنگی گەلی كوردستان هەڵبژێردراوە، پێویستە كارابكرێتەوەو پرسە نەتەوەیی و نیشتمانی و یاساییە گرنگەكان لەوێ بڕیارو یاسای بۆ دەربكرێ".