رووسيا هه‌ڵوێستى له باره‌ى ريفراندۆمه‌وه ئاشكرا كرد
شيده‌كه‌ينه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
حكومه‌تى رووسيا رايگه‌ياند، ئه‌نجامى ريفراندۆمى كوردستانى عێراق شيده‌كه‌ينه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ ده‌كه‌ين.
ميخائيل بۆ‌گدانۆڤ، جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى رووسيا به بێ ئه‌وه‌ى نه‌يارێتى بۆ پرۆسه‌ى ريفراندۆم ده‌ربڕێت، رايگه‌ياند، له ئێستادا پرسى داننان به ئه‌نجامى ريفراندۆمى كوردستان نه‌خراوه‌ته رۆژه‌ڤه‌وه.
گوتيشى: رووسيا ئه‌نجامى ريفراندۆمى كوردستانى عێراق شيده‌كاته‌وه، به‌ڵام دانپێدانان به‌و ئه‌نجامانه نه‌كه‌وتووه‌ته به‌رباس.
هاوكات ئه‌و به‌رپرسه باڵايه‌ى رووسيا كه وڵاته‌كه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كى به‌تينى ئابوورى له‌گه‌ڵ عێراقدا هه‌يه، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كرد، مۆسكۆ پشتيوانى يه‌كپارچه‌يى و سه‌لامه‌تى خاكى عێراق ده‌كات و داوا ده‌كات پابه‌ندى ده‌ستوورى وڵاته‌كه بن.
بڕياره له 25ى ئه‌م مانگه‌دا هه‌رێمى كوردستان پرۆسه‌ى راپرسى بۆ سه‌ربه‌خۆيى ئه‌نجامبدات و پرۆسه‌كه له كه‌ركووك و ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئيداره‌ى هه‌رێمى كوردستانيش به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
له چه‌ند رۆژى رابردوودا سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى له ميانى وتاره‌كانيدا ئاشكرايكرد، كه فشارى زۆر له ئارادان بۆ دواخستنى ريفراندۆم، به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان سووره له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونى ئه‌و پرۆسه‌يه.