تەرمی گەنجێك دۆزرایەوە

پۆلیس زانیاری لەبارەی رووداوەكە ئاشكرا دەكات

K24 - سۆران

تەرمی گەنجێك لە گەڕەكی ئیچقەڵای قەزای سۆران دۆزرایەوە و پۆلیسیش رایدەگەیەنێت، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستیپێكردووە.

رائـــید هـــاوار ئـەرگــوشی، وتـەبێژی پۆلیسی سۆران رایگەیاند: "شەوی رابردوو لە لایەن نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سۆران ئاگادارکراینەوە، بەبوونی تەرمی هاووڵاتیەك، دوای گەشتنی تیمی پۆلیس لە لێکۆڵینەوەدا ناسنامەی ئەو ھاووڵاتیە ئاشكرا كرا نـاوی ( ئیبراھیم رزگار عەسكەرە)ە لەدایکبووی ساڵی 1999 قوتابیە و دانیشتوی قەزای سۆرانە".

گوتیشی: "بەپێی گوتـەی هاورێیەکی كە لەگەڵی بووە، شەو لـە کاولۆکان بەپێیان گەڕاونەتەوە بۆ سـۆران لـە نزیك گەڕەکی ئیچقەڵا ئۆتۆمبێلك بەخێرایەکی زۆر هاتبوو خۆی پێیدا کێشابوو راستەوخۆ گیانی لە دەستدابوو، شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەش رایکردبوو، بەڵام دوای 40 خولەك شۆفێرەکە بەنـاوی ( ر . ع . ق ) لەدایکبووی 1994 خـۆی رادەستی پۆلیس کرد، پەراوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە رێکخراو تەرمی هاووڵاتییەکە دوای رەوانـەکردنی بۆ پزیشکی دادی رادەستی کەسو کاری کراو، تۆمەتبارەكەش بەپێی مادەی 24 یاسای هاتووچۆ لـە سەر بڕیاری دادوەر راگیراوەو لێکۆڵینەوەی لە گەڵ دەکرێت".