پارتی و یەكێتی دوا وادەی كاراكردنەوەی پەرلەمان تاوتوێ دەكەن
كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت
K24 - ھەولێر
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی گفتوگۆ لەبارەی دوایین وادەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن.
هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە تویتێكدا لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی، ئەمڕۆ پارتی و یەکێتیی کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەبارەی پڕۆسەی سەرخستنی ریفراندۆم ئەنجامدەدەن.
لە تویتەکەی هەورامیدا هاتووە، پارتی و یەکێتیی بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەن، بەر لە رۆژی 15 ئەم مانگە پەرلەمان کارا بکرێتەوە بێ دواخستنی زیاتر.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێدایە، یەکێتیی پڕۆژە و بیرۆکەی هەریەکە لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی وەرگرتووە و ئەمڕۆ لەگەڵ پارتی تاوتوێی دەکات.