لەبارەی ریفراندۆم دانووستان لەگەڵ پێكھاتەكانی كەركووك دەكرێت
بانگەشەی ریفراندۆم لە كەركووك فراوانتر دەبێت
K24 - ھەولێر
بڕیارە لایەنە كوردستانیەكان لە كەركووك لەبارەی ریفراندۆم كۆبوونەوەیەكی فراوان ئەنجامبدەن و دانووستان لەگەڵ تەواوی پێكھاتەكانی دیكەی كەركووك بكەن.
محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی 3 پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووك لەبارەی ریفراندۆم بەڕێوەدەچێت.
جەختیکردەوە، لایەنە کوردستانییەکان سەردانی تەواوی پێکهاتەکانی شاری کەرکووك دەکەن بۆ ئەوەی دانووستاندنیان لەگەڵ بکرێت، بۆ سەرخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی.
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، چالاکییەکانی پشتگیری ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە کەرکووك بەرفراوانتر بن.
رۆژی 7 حوزەیرانی 2017، لە كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بڕیاردرا 25/9/2017، ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بەڕێوەبچێت.