بە چاودێری سەرۆك بارزانی یادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول دەكرێتەوە
بە سپۆنسەری میدیایی كوردستان24 بەڕێوەدەچێت
K24 - ھەولێر
بە چاودێری مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان سبەی لە مەراسیمێكدا لە ھەولێر یادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول دەكرێتەوە و چەند چالاكیەكیش بۆ پشتیوانی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بەڕێوەدەچێت.
حاجی ئەحمەد، بەڕێوەبەری دەزگای رۆشنبیری و ھونەری شڤان پەروەر بە كوردستان24 راگەیاند: "كاتژمێری 5 ئێوارەی سبەی دووشەممە، بە بۆنەی ساڵیادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول و وەك پشتیوانیەك بۆ سەرخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان مەراسیمێك لە ھۆڵی شەھید سەعد عەبدوڵڵا لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت".
گوتیشی: "ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول ئامادەی مەراسیمەكە دەبن و چەندین چالاكی بەوبۆنەوەیەوە ئەنجامدەدرێن".
ئاشكراشی كرد: "شڤان پەروەر گۆرانیەكی نوێی ئامادەكردووە و سبەی بۆ یەكەمجار لە مەراسیمەكەدا پێشكەش دەكات، ھەروەھا ژمارەیەك ھونەرمەندی دیكە بەشداری لە مەراسیمەكە دەكەن".
مەراسیمی 56مین ساڵەی شۆڕشی ئەیلوول بە سپۆنسەری میدیایی كوردستان24 بەڕێوەدەچێت.