فیلمێكی كوردی کێبڕکێ لە گرنگترین فێستیڤاڵی بەلژیکادا دەکات

"زاگرۆس" یەکەم فیلمی درێژی سەهیم عومەرە

K24 - هه‌ولێر:

"زاگرۆس" یەکەم فیلمی درێژی دەرهێنەری کورد سەهیم عومەر خەلیفە، لە 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت – Gent ـدا بەشداردەبێت.

گێنت، بە گەورەترین و گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە بەلژیکادا دەناسرێت و دەبێتە یەکەم بەشداری فیلمەکە لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا.

لە بەشی پێشبڕکێی فیلم لە فێستیڤاڵدا، 12 فیلم لە کێبڕکێدان، بەڵام تەنها یەک فیلم نوێنەرایەتی بەلژیکا دەکات، ئەویش "زاگرۆس"ـە کە چیرۆکێکی کوردی هەیە و گرێدراوی بەلژیکایە.

چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە 10 تاوەکو 20 تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر لە شاری گێنت لە بەلژیکا بەڕێوەدەچێت.

"زاگرۆس" چیرۆکی شوانێک بەناوی زاگرۆس دەگێڕێتەوە کە هاوژینی خۆی زۆر خۆشدەوێت، بۆ ئەو کوردستان بەهەشتە، بەڵام هاوژینەکەی هاڤین و کچەکەی رەیهان، روودەکەنە بەلژیکا، دواتر زاگرۆزیش بڕیاردەدات بچێتە ئەو وەڵاتە.

لە بەلژیکا زۆر شتی نوێ لەبارەی هاوژینەکەیەوە دەزانێت و متمانەی جارانی پێ نامێنێت، بۆیە دەخوازێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە نیشتمان.

لەم بەرهەمە سینەماییەدا، هەریەکە لە فەیاز دۆمان، حەلیما ئێلتەر و سوات ئۆستا و هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراوی کورد، هۆزان برادەر، رۆڵ دەگێڕن.

"زاگرۆس" بەرهەمێکی هاوبەشی بەلژیکا و هۆڵەندایە، پرۆدیۆسەری سەرەکی فیلمەکە دریس فالیپۆیە و سەهیم عومەر، جەین- کلود و ڤان ریچکهام سیناریۆکەیان ئامادەکردووە.

 

کاری وێنەگرتن، دەنگ و مۆنتاژی فیلمەکە، لەلایەن سینەماکارانی بەلژیکی و هۆڵەندییەوە کراوە.

"زاگرۆس" جگە لەم فێستیڤاڵە، لە چەند فێستیڤاڵێکی دیکەی سینەماییدا وەرگیراوە.

لەلایەکی دیکەوە نمایشی فیلمی "زاگرۆس" لە 15 تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر 2017 لە هۆڵە سینەماییەکانی بەلژیکا دەستپێدەکات.

سەهیم عومەر خەلیفە، پێشتر لەرێگەی کورتەفیلمی "میسی بەغداد"، "وڵاتی پاڵەوانان" و "نێچیرڤانی خراپ"، 97 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا وەرگرتووە.

دوو ساڵ بەسەریەکەوە کورتەفیلمی ئه‌و دوو كورته‌ فیلمه‌، لە لیستی 10 کورتەفیلمە کاندیدکراوەکان بوون بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین کورتەفیلم.

بۆ بینینی ترەیلەری فیلمه‌كه‌، كرته‌ لێره‌ بكه‌.