لە عێراق کارتی نیشتمانی و نیشتەجێبوون یەکدەخرێت
ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی عێراق رێکارەکانی یەکخستنی کارتی نیشتەجێبوون لەگەڵ کارتی نیشتمانی دەستپێکردووە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵسەنگاندن بۆ چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەکات.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق داوای کردووە رێکارەکانی یەکخستنی ئەو دوو بەڵگەنامەیە خێرا بکرێن. ئەو وەزارەتە جەختدەکاتەوە، ئامانج لەو بڕیارە ئاسانکاریی زیاترە بۆ راپەڕاندنی مامەڵەی هاووڵاتییان.
سەبارەت بە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان، دوو سەرچاوە لە بەڕێوەبەرایەتیی نشینگە، پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی، بە کوردستان24ـیان راگەیاند, ئەوان بڕیارەکەیان بەدەست گەیشتووە و ئێستا سەرقاڵی هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنین، بۆ ئەوەی بزانن ئەو رێکارە تا چەند لەگەڵ دۆخی تایبەتی هەرێمی کوردستان دەگونجێت.
سەرچاوەکان گوتیشیان، هەر کاتێک دڵنیا بووینەوە بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە، رێکارەکانی جێبەجێکردنی دەگرینەبەر. بە گوتەی ئەوان، حکوومەتی عێراق بڕیاریداوە پرۆسەی دەرهێنان و یەکخستنی کارتی نیشتمانی و نیشتەجێبوون دیجیتاڵی بکات، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان زۆرینەی کارەکانی دەرهێنانی بەڵگەنامەکان پێشتر بە ئەلیکترۆنی کراون و خاوەنی ژێرخانێکی بەهێزی دیجیتاڵین.
سەبارەت بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە تاراوگە، سەرچاوەکان رایانگەیاند، بە گوێرەی دەستوور، ئەو هاووڵاتییانە دەتوانن ببنە خاوەن کارتی نیشتمانی و نیشتەجێبوون بە مەرجی ئەوەی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بن و کاتێک دەگەڕێنەوە، دەتوانن بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڵگەنامەکانیان بەدەست بێنن.
ئەو کارتە وەک بەڵگەنامەیەکی نێودەوڵەتی ناسێندراوە و لە زۆرینەی وڵاتان کاری پێدەکرێت. ناوەڕۆکی کارتەکە تەواوی زانیارییەکانی هاووڵاتییان لەخۆدەگرێت، لەوانەش پێشینەی تاوان و ئەو موڵک و ماڵەی لەسەر ناوی هاووڵاتییەکە تۆمار کراون، هەرچەندە تا ئێستا کارەکانی تەواو نەکراون.
لە چەند رۆژی رابردوودا، وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاری یەکخستنی کارتی نیشتمانی و نیشتەجێبوونی دەرکرد. هەروەها بڕیاریدا نووسینگەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی لە سەرجەم باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان بۆ رەوەندی عێراقی بکرێنەوە و میکانیزمی ماوەی مانەوە و ڤیزاش رێکبخرێتەوە.