نەوتی سپی لە هەولێر و دهۆک دابەش دەکرێت؛ سلێمانی و هەڵەبجەش لە چاوەڕوانیدان

پشکی هەولێر، دهۆک و زاخۆ لە نەوتی سپی گەیشتووە و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، هاوکات بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە نەوتەکە بگاتە سلێمانی و هەڵەبجەش.


هەولێر 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ پێنج تانکەری نەوتی سپی بە قەبارەی 36 هەزار لیتر بۆ هەر تانکەرێک گەیشتووەتە دەستیان و پرۆسەی بەتاڵکردنیان دەستی پێکردووە.

جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، سبەی پێنجشەممە، 19ی تشرینی دووەم، لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەتایبەت لە بالیسان دەست بە دابەشکردنی نەوتەکە دەکرێت و هەر خێزانێک 100 لیتری بە 31 هەزار دینار پێ دەدرێت.

 روونیشی کردەوە، دوای تەواوبوونی پرۆسەکە لە ناوچە شاخاوییەکان، دابەشکردنی نەوتەکە لە ناو شارەکانیش دەست پێدەکات.

سەبارەت بە ژمارەی خێزانە سوودمەندەکان، هێمن قادر گوتی، ژمارەیەکی دیاریکراو لەبەردەستدا نییە، بەڵام هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و وەزارەتی نەوت بەردەوامن بۆ دابینکردنی بڕی زیاتر و ئەگەر نەوتی زیاتر بگات، دووبارە دابەشی دەکەنەوە.

 

زاخۆ و دهۆک

کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکانی پارێزگای دهۆک بە بێوار حیلمی، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ پشکی نەوتی سپیی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە 50 ملیۆن لیترەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گەیشتووە.

کارزان رەئووف ئاماژەی بەوەش کرد، بڕی نەوتی گەیشتوو 10 ملیۆن و 792 هەزار لیترە. گوتیشی، نزیکەی 100 هەزار خێزان لە دهۆک و زاخۆ لە نەوتەکە سوودمەند دەبن و هەر خێزانێک 100 لیتری بەردەکەوێت.

بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکانی دهۆک گوتیشی، ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوتەکە دەکرێت، لە سنووری دهۆک لە ناحیەی کانی ماسێ و لە زاخۆش لە ناحیەی بێگۆڤا دەبێت. ئەوەشی خستەروو، هەموو هەوڵێک دەدەن تا سەری مانگی داهاتوو هەر 100 هەزار خێزانەکە لە نەوتەکە سوودمەند بن.

 

سلێمانی

هەر ئەمڕۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، سەرجەم رێکارەکانی تایبەت بە هێنانی نەوتی سپی تەواو بوون و بڕیارە رۆژانی هەینی تا شەممە ئەو بڕە نەوتە بگات.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، سەرەتای دابەشکردنی نەوتەکەی ئەمساڵی سلێمانی لە هەردوو مەڵبەندی نۆ و 10ـوە دەست پێدەکات، لەبەر ئەوەی دانیشتووانی ئەو سنوورانە ساڵی رابردوو نەوتیان وەرنەگرتبوو، هاوکات تا ئێستا ژمارەی خێزانە سوودمەندەکانی ئەو دوو مەڵبەندە دیاری نەکراوە.

لای خۆیەوە، سەلام عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی جەختیکردەوە، بڕی ئەو بەشە نەوتەی بڕیارە بگات زیاتر لە 20 ملیۆن لیترە و بۆ دانیشتووانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە تەرخان کراوە.

هاوکات بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و کارگێڕییە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، بە گشتی زیاتر لە 500 هەزار خێزان مافی وەرگرتنی نەوتی سپییان هەیە.

 

هەڵەبجە

لە لایەکی دیکەوە، سۆران کەمال عەلی، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای هەڵەبجە بە ئاسان محەممەد، پەیامنێری کوردستان24ـی رایگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕە نەوتێکی سپیی ماڵان نەگەیشتووەتە پارێزگای هەڵەبجە.

سۆران کەمال عەلی گوتیشی، تەواوی ئامادەکارییەکانیان بۆ دابەشکردنی نەوت تەواو کردووە و هەر کاتێک بگات، دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی دەکەن، پرۆسەکەش سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست پێدەکات و دواتر ناوشار دەگرێتەوە.

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، پارێزگای هەڵەبجە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە و لەم قۆناخەدا 30 هەزار خێزان لێی سوودمەند دەبن، بڕیارە هەر ماڵێک 100 لیتر نەوتی پێ بدرێت و بڕی 32 هەزار دیناری لێ وەربگیرێت.


رێککەوتنی 50 ملیۆن لیتر نەوت و دابەشکاریی پارێزگاکان

ئەم بڕە نەوتە بەشێکە لەو رێککەوتنەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە 8ی تشرینی دووەمی 2026 لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند بۆ ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی وەک یەکەم گوژمە بۆ وەرزی زستان.

 بەپێی دابەشکاریی وەزارەتەکە، لەو 50 ملیۆن لیترە، 21 ملیۆن لیتر بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، 17 ملیۆن لیتر بۆ هەولێر و 12 ملیۆن لیتریش بۆ دهۆک تەرخان کراوە، هەرچەندە بەرپرسانی سامانە سروشتییەکان پێشتر رایانگەیاندبوو هەرێم داوای 268,710,600 لیتر نەوتی کردووە و بەغدا تەنیا 19%ـی ئەو بڕە دەنێرێت.