ئیکۆی عێراق شێوازی قاچاخچێتیی نەوت لە عێراق ئاشکرا دەکات
روانگەی ئیکۆ عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت لە ناوچەی جورف سەخر و ناوچەکانی دیکەی عێراق، زۆربەی کات بە شێوازی تەکنیکیی پێشکەوتوو دەکرێن، کە ئاشکراکردنیان بە رێگە باوەکان ئەستەمە.
روانگەکە روونیکردەوە، تۆڕی بۆرییە نەوتییەکانی عێراق کە درێژییەکەی زیاتر لە 8 هەزار و 300 کیلۆمەترە، رووبەڕووی کردەوەی راکێشانی نایاسایی نەوت دەبێتەوە، چ بە شێوازە کۆنەکان وەک کونکردنی ئاسایی، یان بە شێوازە نوێیەکان کە پشت بە تەکنیکی "کونکردنی گەرم" (Hot Tapping) دەبەستن.
هەروەها روونیکردەوە، تەکنیکی "کونکردنی گەرم" شێوازێکی تەکنیکییە کە رێگە بە دروستکردنی بەستەر یان دانانی بۆرییەکی لاوەکی لەسەر هێڵە کاراکانی گواستنەوەی نەوت دەدات، بەبێ ئەوەی تێپەڕبوونی نەوت تێیاندا رابگیرێت، واتە لە کاتی بەردەوامبوونی کاری هێڵەکە بە شێوەیەکی ئاسایی و لەژێر فشاردا.
ئەو روانگەیە خستیەڕوو، ئەو لقانە "وەک دزەکردن یان قاچاخچێتیی نەوت دەرناکەون، بەڵکو وەک بۆرییەکی لاوەکی کە بە قەپاخێک بە توندی داخراوە دەردەکەون". جەختیشی کردەوە، ئەم شێوازە لە جورف سەخر و ناوچەکانی دیکەدا روویداوە.
سەبارەت بە چارەسەرەکانیش، ئیکۆ عێراق دووپاتیکردەوە، بەرەنگاربوونەوەی ئەم شێوازانە پێویستی بە یەکخستنی سیستمەکانی چاودێریی زیرەک، هەستەوەرەکانی فشار و لێشاو و تەکنیکەکانی هەستکردن بە ریشاڵی تیشکی (فایبەر ئۆپتیک) هەیە، لەپاڵ بەکارهێنانی درۆن کە کامێرای گەرمییان لەسەرە، هەروەها بەهێزکردنی مەفرەزەکان و پشکنینی مەیدانی بە درێژایی رێڕەوی بۆرییەکان.
روانگەکە جەختی کردەوە، پشتبەستن بە هەستەوەرە گەرمییەکان بە تەنیا رووماڵێکی تەواو بۆ هەموو جۆرەکانی دەستدرێژی و بەستنە نایاساییەکان دابین ناکات. لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا داوایکرد سیستمەکانی پاراستنی بۆرییەکان نوێ بکرێنەوە و رووپێویی مەیدانی و تەکنیکیی خولی بکرێت، بە جۆرێک ببێتە هۆی سنووردارکردنی قاچاخچێتیی نەوت و پاراستنی سامانی گشتی.