راگەیه‌ندراوی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم

رێكككه‌وتوون بۆ ئه‌وه‌ی رۆژی پێنجشەممە 14ـی 9ـی 2017 پارلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە و دانیشتنی ئاسایی خۆی دەست پێ بكاتەوە

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی شه‌ش خاڵیدا، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ كاتی دیاریكراوی خۆی، هه‌موو ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ش ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ باس له‌ دواخستنی ده‌كه‌ن.

له‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "حزب و لایەنەكانی بەشدار لە ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕێككەوتن كە ڕۆژی پێنجشەممە 14ـی 9ـی 2017 پارلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە و دانیشتنی ئاسایی خۆی دەست پێ بكاتەوە".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

ڕۆژی یەكشەممە 10ـی 9ـی 2017 لە سەلاحەدین ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی و ئامادەبوونی بەڕێز كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی و ئامادەبوونی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان و سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەست.

لە كۆبوونەوەكەدا پێشهاتە سیاسییەكان و دوایین هەڵوێستی ناوخۆ و عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەروەها سەردانەكەی ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی بۆ هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووان ڕێككەوتنی مێژوویی نێوان پارتی و یەكێتی  لە 10ـی ئەیلوولی 2017 بۆ كاراكردنەوەی پارلەمانی كوردستانیان بەرز نرخاند و بە هەنگاوێكی گرنگ و نیشتیمانی و مێژوویی وەسفكرا و ئومێدی ئەوە خوازرا كە ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی خێراتربوونی پڕۆسەی سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان.

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم دوای ڕاگۆڕینەوە و گوێگرتن لە تێبینی و پێشنیاری لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و هەروەها خوێندنەوەی ڕاپۆرتی ڕێوشوێنە پڕاكتیكيیەكانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بەو ئەنجامانەی خوارەوە گەییشت:

یەكەم: ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم جەخت لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە وادەی دیاریكراوی خۆی لە 25ـی ئەیلوولی 2017 لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەكاتەوە و، هەموو ئەو دەنگۆ و پڕۆپاگەندانە ڕەتدەكاتەوە كە باس لە دواخستنی ڕیفراندۆم دەكەن.

دووەم: كۆبوونەوەكە بە ڕەچاوكردنی دۆخی هەستیاری كوردستان جەختی لە پێویستی یەكڕیزی و هاودەنگیی نیشتیمانی و هەماهەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكان بۆ هەڵمەتی هاوبەشی بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم كردەوە.

سێیەم: كۆبوونەوەكە تەئكیدی لە پاراستن و ڕەچاوكردنی ماف و داواكاریی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان لە هەموو قۆناغەكاندا كردەوە و دەرئەنجامی كۆبوونەوەكانی لیژنەی تایبەت بە زەماناتی پێكهاتەكان خرایە بەر باس و داوا لە سكرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم كرا كە داواكارییەكان یەكبخات و كۆبوونەوەكە پاڵپشتیی خۆی بۆ داواكاریی پێكهاتەكان دەربڕی.

چوارەم: حزب و لایەنەكانی بەشدار لە ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕێككەوتن كە ڕۆژی پێنجشەممە 14ـی 9ـی 2017 پارلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە و دانیشتنی ئاسایی خۆی دەست پێ بكاتەوە.

پێنجەم: ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئیجرائات و هەنگاوە پڕاكتیكییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ پڕۆسەی ڕیفراندۆم دووپات دەكاتەوە و داوایش لە حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات كە هاوكاری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بن.

شەشەم: ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم داوا لە ڕێكخراوە بیانییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكات كە بەشدار بن لە چاودێریكردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان.

ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم

10ـی ئەیلوولی 2017