ئەحمەد كانی: با ئەوانە سزا بدرێن كە لەكاتی بانگەشە سەرپێچی دەكەن

"خەریكە لەو كەسانە دەكەوینە گومان"

K24 - ھەولێر

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەحمەد كانی، بەرپرسی لقی 2 پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "بە ھیچ شێوەیەك لەگەڵ سەرپێچی كردن و ھەراسان كردنی خەلك نین، شەوانە خەڵك پەیوەندیمان پێوەدەكات كە خەڵكانێك ھەن ئۆتۆمبێلەكانیان لەناو شەقامەكان رادەگرن و رێگای خەڵك دەگرن، ئەمەش سەرپێچییە و خەڵك ئیش و كاری ھەیە و نەخۆشی ھەیە بە شەقامەكاندا دەروات".

ئەحمەد كانی گوتیشی: "بە دەبێ بە تەواوی پابەندی رێنمایییەكان بین، ئەوانەی خۆیان بە دڵسۆزی دەزانن بۆ ریفراندۆم بەتایبەتی ئەوانەی خۆیان بە دڵسۆزی پارتی و بارزانی دەزانن دەبێ پێش ھەموو كەس پابەندبن بە رێنماییەكانی سەرۆك بارزانی، چەندین جار بروسكەی كردووە و ئێمەش ئۆرگانەكانمان ئاگاداركردووەتەوە كە جگە لە ئاڵای كوردستان ھیچ ئاڵایەك بەرزنەكەنەوە و وێنەی شەخسی بەرزنەكرێتەوە و پابەندی رێنماییەكان بن".

راشیگەیاند: "داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین، چاوپۆشی لەو كەسانە نەكەن كە سەرپێچی دەكەن".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەوانەی دەیانەوێت بەناوی ئەوەی ھەوادار و دۆستی پارتی سەرپێچی دەكەن، خەریكە گومانیان لێ پەیدا دەكەین، ئەگەر خۆیان بە دۆست و دڵسۆزی پارتی دەزانن دەبێ دووركەونەوە لەو جۆرە سەرپێچیانە".