وه‌زیری دادی ئیسرائیل: پشتیوانی له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌كه‌ین
ئایه‌لێت شاكید: كاتی ئه‌وه هاتووه ئه‌مه‌ریكاش پاڵپشتی پرۆسه‌كه بكات
K24 - هه‌ولێر:
ئایه‌لێت شاكید، وه‌زیری دادی ئیسرائیل، له كۆنفرانسێكی تایبه‌ت به به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له ته‌لئه‌ڤیڤ، رایگه‌یاند، ئیسرائیل پشتیوانی له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌كات.
رۆژنامه‌ی هائارێتزی ئیسرائیلی بڵاویكردووه‌ته‌وه، سیباستیان گۆركا، راوێژكاری پێشووی دۆناڵد تره‌مپ ئاماده‌ی كۆنفرانسه‌كه بووه و تێیدا وه‌زیری دادی ئیسرائیل ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوا، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی زۆریان له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستاندا هه‌یه.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، شاكید گوتوویه‌تی: "به بۆچوونی من ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتی ئه‌و پرۆسه‌یه بكات".
هه‌رچه‌نده پێشتر، به‌غدا و وڵاتانی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مه‌ریكاش، داوای دواخستنی ریفراندۆمییان له هه‌رێمی كوردستان كرد، به‌ڵام مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و داوایانه‌ی ره‌تكرده‌وه و رایگه‌یاند، ریفراندۆم بڕیاری تاكه‌كه‌سێك نییه دوابخرێت، به‌ڵكو مافێكی ئاسایی و یاسایی گه‌لی كوردستانه و پرۆسه‌كه‌ش له كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت.
له مانگی رابردوو، بنیامین نه‌ته‌نیاهو، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، پاڵپشتی خۆی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌ربڕی و بۆچوونی ئه‌رێنی خۆی به شاندێكی 33 كه‌سی له كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا راگه‌یاند.
سێ ساڵ به‌ر له ئێستاش، نه‌ته‌نیاهو له راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئاشكرای كرد، ئه‌وان پاڵپشتی له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ده‌كه‌ن، له باكوور عێراق و گوتی: "پێویسته پاڵپشتی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكه‌ین، چونكه ئه‌وان شایسته‌ن".
وه‌ك رۆژنامه ئیسرائیلییه‌كه نووسیویه‌تی، كورد له سووریا، عێراق، توركیا، ئێران و ئه‌رده‌ن هه‌ن و گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌تن.