واده‌ى دانيشتنى په‌رله‌مان دواخرا
ئه‌سته‌مه له‌و وادهيهش په‌رله‌مان كۆببێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى بڕيار بوو سبه‌ى يه‌كه‌م دانيشتنى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام به هۆى رێككاره پرۆتۆكۆلييهكانى په‌يڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانه‌وه، دانيشتنه‌كه بۆ كاتژمێر 07:00 ئێواره‌ى رۆژى هه‌ينى دواخرا.
سه‌رچاوه‌يه‌ك له په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه به كوردستان 24ى راگه‌ياند، به گوێره‌ى په‌يڕه‌وى ناوخۆ ده‌بێت به‌ر له 48 كاتژمێر ئاگادارى په‌رله‌مانتاران بكرێته‌وه بۆ دانيشتن و بۆ ته‌واوكردنى ئه‌و واده‌يه، بڕيار دراوه كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان ئێواره‌ى هه‌ينى كۆتايى ئه‌م هه‌فته‌يه ئه‌نجام بدرێت.
به گوێره‌ى زانيارييه‌كانى كوردستان 24 كه له زارى سه‌رچاوه‌يه‌كى ئاگادار له ره‌وشى كۆبوونه‌وه‌ى يه‌كه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان دهستيكهوتوون، ئه‌سته‌مه ئێواره‌ى رۆژى هه‌ينى دانيشتنى په‌رله‌مان ئه‌نجام بدرێت و ئه‌گه‌رى زۆر هه‌يه بۆ دواخستنى دانيشتنه‌كه بۆ رۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو.
پێشتر راگه‌ياندنى په‌رله‌مان بڵاويكردبوويه‌وه كه واژووى پێويست بۆ ئه‌نجامدانى دانيشتنى په‌رله‌مانى كوردستان كۆكراونه‌ته‌وه و بانگهێشتى په‌رله‌مانتاران ده‌كرێت.
پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان و يه‌كگرتووى ئيسلامى ئاماده‌يى خۆيان بۆ به‌شداريكردن له دانيشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان دهربڕيبوو، ئه‌مه وێڕاى فراكسيۆنى پێكهاته و لايه‌نه‌كانى ديكه جگه له فراكسيۆنه‌كانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئيسىلامى.
دانيشتنى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌بێته يه‌كه‌م دانيشتنى دواى ئه‌وه‌ى له 12ى تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى 2015ه‌وه به هۆى ململانێ سياسييه‌كانه‌وه كاره‌كانى په‌كيان كه‌وتبوو.
پێشتر يه‌كێتى و پارتى جه‌ختيان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كانى ديكه په‌رله‌مان كارا ده‌كه‌نه‌وه ئه‌گه‌ر بێت و گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئيسلامى ئاماده نه‌بن له رێى وتوێژ و دانووستانه‌كانه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه په‌رله‌مان و په‌رله‌مان كارا بكه‌نه‌وه.