دالای لاما: ئه‌گه‌ر بودا لێره‌با هاوكاری موسڵمانانی رۆهینگای ده‌كرد
له ره‌وشی موسڵمانانی میانماڕ نیگه‌رانه
K24 - هه‌ولێر:
دالای لاما، سه‌ركرده‌ی رۆحی بودییه تبتییه‌كان، داوای كۆتاییهێنان به نه‌هامه‌تییه‌كانی موسڵمانه كه‌مینه‌كانی رۆهینگا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر بودا خۆی لێره‌با، هاوكاری موسڵمانانی رۆهینگای ده‌كرد.
دالای لاما، داوا له حكوومه‌تی میانمار ده‌كات، چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ئه‌و پێكهاته ئایینییه كه‌مینه‌یه بكات.
سه‌ركرده‌ی رۆحی تبتییه‌كان، براوه‌ی خه‌ڵاتی ئاشتییه و له هیندستانه‌وه نیگه‌رانی خۆی له به‌رامبه‌ر سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی موسڵمانانی رۆهینگا ده‌ربڕی.
لێدوانه‌كانی دالای لاما، به گرنگترین لێدوان داده‌نرێت له به‌رامبه‌ر رووداوه‌كانی میانمار، به‌و پێیه‌ی سه‌ركرده‌ی رۆحی بودییه‌كانی تبته.
به هۆی توندوتیژییه‌كانی میانماڕ، زیاتربه سه‌دان هه‌زار موسڵمانی رۆهینگا، ئاواره‌ی به‌نگلادیش بووه، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، توندوتیژییه‌كان دژی موسڵمانانی رۆهینگا، پاكتاوی ره‌گه‌زییه.
تا ئێستا چه‌ندین كه‌سایه‌تی دیاری جیهان، ره‌خنه‌ی توندیان، له ئۆنگ سان سو كی، سه‌رۆكی میانمار گرتووه، كه له ساڵی 1991 خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێدراوه.
یه‌كێك له‌وانه مه‌لالا یوسفزه‌ی پاكستانییه، كه بچووكترین براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتییه و داوای لێ‌كرد به شێوازێكی ئاشتییانه چاره‌سه‌ری كێشه‌ی موسڵمانانی رۆهینگا بكات.