ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بڕیاری لە كارلادانی نەجمەدین كەریم رەتدەكاتەوە

پابەندی بڕیارەكە نابن

K24 - كەركووك

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بڕیاری پەرلەمانی عێراقی بۆ لە كارلادانی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووكی رەتكردەوە.

پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەنجوومەنی پارێزگاری كەركووك بە زۆرینەی دەنگ، بڕیاری پەرلەمانی عێراقی بۆ دوورخستنەوەی نەجمەدین كەریم، لە پۆستی پارێزگای كەركووك رەتكردەوە".

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاند: "لە كاتێكدا چوار پارێزگاری دیكەی عێراقم بە تۆمەتی گەندەڵی فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام حكوومەتی عێراق ھیچ ھەنگاوێكی نەناوە بۆ دەستگیركردنیان، بەڵام سەیر ئەوەیە بەبێ گەڕانەوە بۆ بۆ دەستوور و یاسا بڕیاری لە كارلادانی پارێزگاری كەركووك دەدەن".

روونیكردەوە: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەمجوومەنی پارێزگای كەركووك بە زۆرینەی دەنگ بڕیارەكەیان رەتكردەوە".

ئەمڕۆش لە كەرنەڤاڵی جەماوەری كەركووك بۆ پشتیوانی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند: "ئێمە حساب بۆ بڕیارەكەی بەغدا ناكەین بۆ لەكارلادانی نەجمەدین كەریم لە پۆستی پارێزگای كەركووك".

رۆژی 14/9/2017، پەرلەمانی عێراق بەبێ بەشداری پەرلەمانتارانی كورد، بڕیاری لەكارلادانی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووكی پەسند كرد، دوو رۆژ پێشتریش لە 12 ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی رەتكردەوە، بەرپرسانی ھەرێمی كوردستانیش ھەردوو بڕیارەكە بە سیاسی وەسف دەكەن و پێیانوایە ئەو جۆرە بڕیارانە دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.