بارزانی لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتی لە كۆبوونەوەدایە
تاوتوێی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن
K24 - سلێمانی
دوای گەیشتنی بۆ سلێمانی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووەوە، تاوتوێی پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن.
پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "كۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتی بەردەوامە و تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەش ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانە".
راشیگەیاند: "فوئاد مەعسووم، سەرۆك كۆماری عێراق و محەمەد حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی کوردستان بەشدارن لە كۆبوونەوەكە".
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە سەردانێك گەیشتە شاری سلێمانی، بڕیارە دوای نیوەڕۆ بەشداری لە كەرنەڤاڵی جەماوەری پشتیوانی خەڵكی سلێمانی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بكات و وتارێك پێشكەش بكات.
ھەر ئەمڕۆ فوئاد مەعسووم، سەرۆك كۆماری عێراق گەیشتەوە سلێمانی و ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی كۆمار بڵاویكردەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا فوئاد مەعسووم، دهستپێشخهرییهكی بۆ گفتوگۆی لایهنه سیاسییهكانی عێراق بۆ چارهسهركردنی كێشهكان به تایبهتی كێشهكانی نێوان ھەولێر و بەغدا خستەڕوو.
ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە 25 ئەم مانگە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە ھەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.

.jpg)



