ئەمریكا لەبارەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دڵنیایی دەدات

پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان ھەردوولا بەردەوامی دەبێت

K24 - ھەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دڵنیایی لەبارەی بەردوامی پەیوەندییە مێژوویەكانییان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دەدات.

ھێزەر نوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەندراوێكی لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ئەنجامدانی ریفراندۆم كاریگەری نەرێنی نابێت بۆ سەر پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئەمریكا و پەیوەندییە مێژووییەکانیان بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئەمریکا پێیوایە بڕیاری رفراندۆم تاکلایەنە بووە و پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا و وڵاتانی دراوسێ ئاڵۆز دەکات و ناسەقامگیری بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بەدواوە دەبێت.

 ھەروەھا ھێزەر نوێرت گوتی، تاكو ئێستا شەڕی تیرۆر كۆتایی نەھاتووە، رێكخراوە توندڕوەكانیش لە قۆستنەوەی ھەل دەگەڕێن بۆ نانەوەی پشێوی و ئاڵۆزی لە عێراق.

پشتگیری ئەمریكاشی بۆ عێراقێكی فیدڕاڵی دیموكراسی و گەشەكردوو دووپاتكردەوە.

ئەم راگەیەندراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دوای ئەوە دێت دوێنێ پڕۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە ھەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەڕێوەچوو، بەگوێرە ئەنجامە نافەرمییەكانیش زۆربەی بەشداربووان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستانداوە.