عەلی موتەهەری: نابێ ئێران كاردانەوەی توندی بەرامبەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ھەبێت

"ئەمریکا بە رواڵەت دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەکات"

K24 - ھەولێر

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران نابێت کاردانەوەی توندی بەرامبەر بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان هەبێت.

ئاژانسی ئیسنا، لە سەر زاری عەلی موتەهەری، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بڵاوی کردەوە، زۆر ئاشکرا بوو کە کوردەکان پشتیوانی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی خۆیان دەکەن، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە کوردستانی عێراق بەم زووانە سەربەخۆ دەبێت و ئەگەریش بکرێت ئەوا دوو تا سێ ساڵی پێدەچێت.

بە گوتەی موتەهەری، ئەمریکا بە رواڵەت دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەکات، بەڵام پشتیوانی ئەم ریفراندۆمەیە و سەبارەت بە تورکیاش ئێران ناتوانێ لە هەڵویستی ئەم وڵاتە دڵنیا بێت.

موتەهەری گوتی، بەم هۆیەوە ئێران نابێت کاردانەوەی توندی بەرامبەر بەم ریفراندۆمە هەبێت، بەڵکو دەبێ لەگەڵ خەڵکی کوردستان قسە بکات و بۆیان روون بکاتەوە کە جیا بوونەوەیان لە عێراق بە قازانجی خۆیان نییە.