وه‌زیری ئابووری توركیا: هیچ بڕیارێك بۆ راگرتنی بازرگانی و داخستنی سنوور له‌گه‌ڵ كوردستان نه‌دراوه
نیهاد زهیبهگجی: ته‌نانه‌ت باسكردنی ئابڵۆقه‌ی ئابووریش بۆ توركیا مه‌ترسیداره
K24 - هه‌ولێر:
نیهاد زهیبهگجی، وه‌زیری ئابووری توركیا رایگه‌یاند: "په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانی نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان، پێویسته ریفراندۆم گاریگه‌ری له‌سه‌ری نه‌بێت" و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه "په‌یوه‌ندییه ئابووری و بازرگانییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو لا وه‌ك خۆی به‌رده‌وامه و هیچ گۆڕانكارییه‌كی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه".
وه‌زیری ئابووری توركیا به رۆژنامه‌ی حورییه‌تی توركی گوتووه: "ته‌نانه‌ت باسكردنی ئابڵۆقه‌ی ئابووریش بۆ توركیا مه‌ترسیداره و تا ئێستا هیچ رێنماییه‌كمان نییه بۆ راگرتنی بازرگانی له‌گه‌ڵ كوردستان".
زهیبهگجی ده‌ڵێت: "ساڵی 2015 له كاتی درووستبوونی قه‌یران له‌گه‌ڵ رووسیا كاری بازرگانی كه‌مكرایه‌وه‌و رووسیا یه‌كه‌م هه‌نگاوی بۆ نا، ده‌یویست وانه‌یه‌ك به توركیا بدات، به‌ڵام پێموایه كاریكی گونجاو نییه ئێمه ئه‌و هه‌ڵه‌یه به‌رامبه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووباره بكه‌ینه‌وه".
وه‌زیری ئابووری توركیا ئاشكرایكرد "له كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی 22/9/2017 ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا، هیچ بڕیارێك بۆ سه‌پاندنی سزای ئابووری به‌سه‌ر هه‌ریمی كوردستان ده‌رنه‌كرا، چونكه سه‌پاندنی سزای ئابووری له‌و جۆره له لایه‌ن ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك توركیاوه كه ده‌یه‌وێت ببێته ناوه‌ندێكی بازرگانی و دارایی گرنگ زۆر "مه‌ترسیداره".
زهیبهگجی ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانیمان پێویستی به بڕیاری دیكه بوو ئێمه‌ش به‌و ئاراسته‌یه ده‌ڕۆین، به‌ڵام سیاسه‌تی ئێستامان له وه‌زاره‌تی ئابووری ئه‌وه‌یه (په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سرووشتی ده‌مێنێته‌وه و وه‌ك ئێستا به‌رده‌وام ده‌بێت، له دوا كۆبوونه‌وه‌شدا حكومه‌تدا هیچ بریارێكی بۆ گۆڕینی بۆچوونمان له‌باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه نه‌دا".
وه‌زیری ئابووری توركیا ته‌ئكیدیكردووه‌ته‌وه كه حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی "بڕیاری داخستنی ده‌روازه سنوورییه‌كانی نه‌داوه، به تایبه‌تی ده‌روازه‌ی سنووریی ئیبراهیم خه‌لیل".
روونیشیكردووه‌ته‌وه "قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێستای نێوان له‌گه‌ڵ عێراق به گشتی زیاتر له 8 ملیار دۆلاره و 2.5 ملیاری له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانه، ژماره‌یه‌كی زۆری بازرگانه توركه‌كان له هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 1.8 ملیار دۆلاری ئه‌و بازرگانانه قه‌رزداره، گه‌مارۆی ئابووریش واتای وه‌ستاندنی كاره بازرگانییه‌كانمان و هه‌نارده‌نه‌كردنی كاڵاكانمان".
زهیبهگجی ده‌ڵێت: "ئه‌وانه‌ی ره‌خنه له‌م قسانه‌م ده‌گرن و باسی پرسی مووسڵ و كه‌ركووك ده‌كه‌ن و به پرسێكی گرنگ و پیرۆزی ده‌زانن، به‌ڵام بۆ من كاره بازرگانییه‌كان جێگه‌ی بایه‌خپێدانه و ئه‌مه سرووشتی كاره‌كه‌مه، من وه‌زیری ئابووریم و ئه‌ركم ئه‌وه‌یه رێنوێنی ئه‌و رێگایانه بكه‌م كه په‌یوه‌سته به‌و پرسه‌وه".