توركيا ئه‌مشه‌و په‌خشى كوردستان 24ى له توركسات راگرت
25ى ئه‌يلوول بڕيارياندا و ئه‌مشه‌و بڕياره‌كه جێبه‌جێ كرا
K24 – هه‌ولێر:
ده‌سته‌ی رادیۆی و ته‌له‌ڤزیۆنی توركیا "RTTurk"، له كۆبوونه‌وه‌ی رۆژى 25ى ئه‌يلوولدا بڕیاریدا په‌خشی كوردستان 24، وار تی ڤی و رووداو، له‌سه‌ر مانگی ده‌ستكردنی توركسات رابگرێت و ئه‌مشه‌و بڕياره‌كه چووه بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى 25ى ئه‌يلوولدا هاتبوو: ناوه‌ڕۆكی به‌رنامه‌كانی كوردستان 24 و وار تیڤی، مه‌ترسین بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی توركیا، بۆیه بڕیاری راگرتنمان دا.
راگرتنى په‌خشى كوردستان 24 له مانگى ده‌ستكردى توركسات دواى ئه‌وه هات، كه كوردستان 24 ببوه سه‌رچاوه‌ى هه‌واڵ و زانيارى بۆ هاووڵاتيانى كورد له‌و وڵاته له باره‌ى پرۆسه‌ى ريفراندۆمى سه‌ربه‌خۆيى كوردستانه‌وه.
جێى ئاماژه‌يه، له سه‌ره‌تای په‌خشی كوردستان 24ه‌وه، له توركیا، تا ئێستا دووچاری چه‌ندین ئاسته‌نگ و كێشه بووه‌ته‌وه و زۆر به سه‌ختی قه‌بووڵ كرا بۆ ئه‌وه‌ی په‌خشی كه‌ناڵه‌كه له‌سه‌ر مانگی ده‌ستكردی توركسات، ده‌ستپێبكات.
به‌شی توركی وێبسایتی كوردستان 24، یه‌كێكه له به‌شه چالاكه‌كانی كوردستان 24، كه رۆژانه میدیاكانی توركیا، هه‌واڵی زانیاری لێوه‌رده‌گرن.
كوردستان 24، ئێستا چوار ئۆفیسی له باكووری كوردستان و توركیادا هه‌یه، ئیستانبول، ئه‌نقه‌ره، دیاربه‌كر و وان.