شوان داودى: به‌ هۆى سه‌ربه‌خۆيى كوردستانه‌وه‌ يه‌كێتى دۆستايه‌تى ئێران له‌ده‌ستده‌دات

شوان داودى به‌ كه‌سێكى نزيك له‌ ده‌زگاى زانيارى يه‌كێتى داده‌نرێت

K24 – هه‌ولێر:

په‌رله‌مانتارى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، شوان داودى كه‌ نزيكه‌ له‌ ده‌زگاى زانيارى يه‌كێتى رايگه‌ياند، به‌ هۆى به‌شداريكردنى له‌ پرۆسه‌ى ريفراندۆمى سه‌ربه‌خۆييه‌وه‌ يه‌كێتى زيانى به‌ركه‌وتووه‌ و ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ له‌ ئارادايه‌ پێگه‌ى له‌ كه‌ركووك و دۆستايه‌تى كۆمارى ئيسلامى ئێران له‌ده‌ستبدات و ئاماژه‌شى به‌ رۆڵى نوورى مالكى كردووه‌ و رۆڵى ئه‌وى به‌ ميحوه‌رى له‌ پرۆسه‌ى سياسى عێراق هه‌ژمار كردووه‌. هاوكات دانيشى به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ يه‌كێتى له‌ سه‌ر ئێران هه‌ژمار ده‌كرێت.

شوان داودى له‌ رۆژنامه‌ى هه‌واڵ، ژماره‌ 725ى رۆژى 30ى ئه‌يلوول/ سێپتێمبه‌رى 2017 وتارێكى له‌ ژێر ناونيشانى (با رایگەیەنێت چش لە ئێمە) و تێيدا باسى له‌ رۆڵى جه‌مسه‌ريانه‌ى نورى مالكى كردووه‌ و نووسيويه‌تى: "سەرباری هەموو ئەو قسەو باسانەی لە شەقامی عێراقیدا مالیكی پێ تۆمەتباردەكرێت، بەڵام تا ئەو لەسەر پرسی ریفراندۆم قسەی جدی نەكرد هیچ هێزو لایەنێكی سیاسی عێراقی بە حكومەتی عێراقیشەوە قسەیان نەبوو، دوای بەیاننامەكەی مالیكی ئەوجا حیزبی دەعوە و سەرۆكی فراكسیۆنی دەوڵەتی قانون و نووسینگەی حەیدەر عەبادی هاتنە سەر خەت، دوای ئەوانیش حەكیم و سەدرو عامری و ... هتد، لە پەرلەمانیش هەموو كاردانەوەكان لەلایەن كوتلەكەی مالیكییەوە دەجوڵێنرێن و ئەوان عەڕابی بریارەكانن، عەبادی و جبوری و كوتلەكانی تر تەنها گوێگرو جێبەجێكارن".

سه‌باره‌ت به‌ يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان، شوان داودى كه‌ به‌ كه‌سايه‌تييه‌كى نزيك له‌ ده‌زگاى زانيارى هه‌ژمار ده‌كرێت، دانى به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ يه‌كێتى سه‌ر به‌ هه‌ژموونى ئێران هه‌ژمار ده‌كرێت و نووسيويه‌تى: "پێموایە كەركوك وەكو شارو یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەكو حزب زەرەرمەندی یەكەمن، كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی تر ناوچەی هەژموونی یەكێتی نیشتمانی كوردستانن، ... پێگەی جوگرافی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەژێر هەژموونی ئێراندایە، جگە لەوەی لە هاوكێشە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێو دەوڵەتیەكاندا یەكێتی سەر بە جەمسەری ئێران ئەژمار دەكرێت".

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى وتاره‌كه‌يدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى نزيك ده‌زگاى زانيارى گومانى له‌ ره‌وايه‌تى ريفراندۆم و ئه‌نجامه‌كانى له‌ سنوورى كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى كه‌ركووك هه‌يه‌ و نووسيويه‌تى: "ئەگەر بەڕێژەی (100%)دەنگی بەڵێ بهێنێت هیچ بەهایەكی نییە، بەپێی دەستورو یاساش ئەم ناوچانە بە هاوبەشی لە نێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەبرێت و لەدوای هاتنی داعش دەرفەتێك رەخسا كورد بە تەنها ئەم ناوچانە بەڕێوەبەرێت، بەداخەوە سەركەوتوونەبووین لە بەڕێوەبردنیدا".

هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شكردووه‌، كه‌ به‌ هۆى ريفراندۆمه‌وه‌ پردى متمانه‌ى نێوان پێكهاته‌كان له‌ كه‌ركووك رووخێنراوه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدايه‌ پێكهاته‌كانى كه‌ركووك و ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئيداره‌ى هه‌رێم به‌شدار بوون له‌ پرۆسه‌ى ريفراندۆمى سه‌ربه‌خۆيى كوردستان.

له‌ كۆتايى وتاره‌كه‌شيدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى يه‌كێتى دانى به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ يه‌كێتى به‌ هۆى سه‌ربه‌خۆيى كوردستان و پرۆسه‌ى ريفراندۆمه‌وه‌ دۆستايه‌تى كۆمارى ئيسلامى ئێران له‌ده‌ستده‌دات، وه‌ك ئاماژه‌يه‌ك بۆ گرنگى ئه‌و په‌يوه‌ندييه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ پرسى سه‌ربه‌خۆييدا.

له‌و باره‌يه‌وه‌ نووسيويه‌تى: "یەكێتیش وەكو حزب لەم هاوكێشەیەدا دوو رەگەزی گرنگی لە دەستدا: یەكەم؛ كەركوكی لەدەست دەردەچێت كە ئێستا پێگەی سەرەكییەتی. دووەمیش؛ دۆستایەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەدەستدەدات كە هەمیشە لە قەیرانەكانماندا بەهانامەوە هاتووە".