پوتین توڕه‌یی ئه‌ردۆغان به‌رامبه‌ر كوردستان داده‌مركێنێته‌وه‌

به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی رووسیا له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕێگە به‌ توركیا نادات سنووره‌كانی لەسەر كوردستان دابخات

K24 - هه‌ولێر

دوای سه‌ردانه‌كه‌ی ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا بۆ توركیا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا، هه‌ست به‌ گۆڕانكاری له‌ سیاسه‌تی توركیا به‌رامبه‌ر پرسی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان له‌ رێگه‌ی توركیاوه‌ ده‌كرێت.

پێگەی ئه‌لیكترۆنی AL-MONITOR، له‌وباره‌یه‌وه‌ راپۆرتێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ "بوونی بەرژەوەندیی ئابووری ڕوسیا لەهەرێمی كوردستان ڕێگە به‌ توركیا نادات سنووره‌كانی لەسەر كوردستان دابخات".

به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ پاش ئه‌وه‌ی سێ رۆژ دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، ڤیلادیمر پوتین سەرۆكی ڕوسیا چووه‌ته‌ توركیا، توانیوویه‌تی كاریگەری لەسەر هێوربوونەوەی سیاسەتی توركیا به‌رامبه‌ر كوردستان هەبێت.

ده‌رباره‌ی رۆڵی مۆسكۆ لەوەستاندنی سزاكانی سەر هەرێمی كوردستان پێگه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ نوسیوویه‌تی "گرێبەستە نەوتییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌ و ڕوسیا بوونه‌ته‌ ڕێگر لەبەردەم سەرۆكی توركیا‌ و ناتوانێت هەڕەشەكانی به‌رامبه‌ر هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان جێبەجێبكات".

پێگه‌ی AL-MONITOR، له‌ زاری شاره‌زایه‌كی بواری ئابووری و به‌رگری و ئاسایشی جۆرجی به‌ ناو"وۆگین كۆغان" ده‌ڵێت: "ڕوسیا به‌ به‌های ٤ ملیار دۆلاری لەبواری پیشەسازی نەوت‌و گازی هه‌رێمی كوردستاندا وه‌به‌رهێنانی كردووه‌، روسیا بەو هەنگاوەی كه‌وتووه‌ته‌ پێش وەبەرهێنەرە ئەمریكییەكان لەناوچەكە، ئەوەش هۆكارێك بووه‌ تا رێگریی لە بەردەم سەرۆك كۆماری توركیا درووست بكات و لە جێبەجێكردنی هەڕەشەكانی دژی كوردستان پاشگه‌زبێته‌وه‌".

له‌ درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ "به‌ راگرتنی نه‌وتی كوردستان، ڕوسیا زەرەرمەند دەبێت، چونكه‌ رووسیا له‌ هاوپەیمانییەتی كۆمەڵگەی بازرگانی توركیا به‌شداره‌و گرتنەبەری هەر هەنگاوێكی له‌و شیوه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئەنقەرەوه‌ دژی كوردستان، بەرژەوەندییەكانی مۆسكۆش لەناوچەكە دەخاته‌ مەترسییەوە".