به‌رهه‌م ساڵح: کۆچی دوایی مام جەلال زیانێکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێ قەرەبوکراوەی گەلی کوردستانە

خەسارەتێکی نیشتیمانی نەتەوایەتی سەرانسەریە

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ مام جه‌لال تاڵه‌بانى سكرتێرى گشتيى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان و سه‌رۆك كۆمارى پێشووى عێراق كۆچى دواييكرد و له‌ په‌يامێكدا به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، جێگرى دووه‌مى سكرتێرى يه‌كێتى له رابردوودا، رايگه‌ياند، کۆچی دوایی مام جەلالی مامۆستا و ڕێبەر و مامی سەرەوەرمان، زیانێکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێ قەرەبوکراوەی گەلی کوردستانە. خەسارەتێکی نیشتیمانی نەتەوایەتی سەرانسەریە، کەھەرگیز کەلێنەکەی وا بەئاسانی پڕ ناکرێتەوە.

ده‌قى په‌يامه‌كه‌:

خوشک و برایانی خوشەویست

بە داخ و پەژارەوە، بە دڵێکی پڕ ئازارەوە، ھەواڵی کۆچی دوایی گەورە ڕێبەر و پێشەوا و مامۆستای زیاتر لەچوار دەیەیەی خەباتی خۆم و زۆرتر لەنیوسەدەی کاروانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، و مامی بەقەدر و میھرەبان و پڕ ئومێدی گەلێکی ژێر دەستەی ڕوو لەخۆری ئازادیمان وەرگرت.

ژیانی مام جەلال تۆماری میژووی ھاوچەرخی کورد و رۆژھەڵاتە، لە خوێندکاریەوە بۆ گەنجترین سەرکردایەتی، لەپیشمەرگایەتیەوە بۆ یەکەمین سەرۆک کۆماری کورد، لە شۆڕشی گەمارۆدراوی کوردستان و لەچیاکانەوە بۆ ئاستی سەرکردەکانی جیھان. ئازا لە ڕووبەڕووبونەوەی تەحەداکاندا  ھەمیشە پڕ لە ھیوا و ئومید، کێوێک بوو لە وورە و بڕوابوون بوو بە سەرکەوتن.

سەرۆک مام جەلال، ھەر مامۆستا و ڕێبەر نەبوو، باوکێکی جێگیری فکری سیاسی و ڕێبازی چەپکە گوڵەکەی تێکۆشانمان بوو. بۆ خۆم، مامۆستا و مامی میھرەبان بوو، ھاوکار و ڕێنوێنم بوو، پشتیوانم بووە لەچەندین وێستگەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.   

بەداخەوە ئەمڕۆ مامی مەزنمان، ڕابەری گەورەی ناو مێژوومان، دڵە گەورەکەی کەپڕ  بوو لەخۆشەویستی بۆ گەلەکەی، دوای ململانێیەکی سەخت لەلێدان کەوت.

کۆچی دووایی مام جەلالی مامۆستا و ڕێبەر و مامی سەرەوەرمان، زیانێکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێ قەرەبوکراوەی گەلی کوردستانە. خەسارەتێکی نیشتیمانی نەتەوایەتی سەرانسەریە، کەھەرگیز کەلێنەکەی وا بەئاسانی پڕ ناکرێتەوە. لێرەوە سەرخۆشی خۆم لەتەواوی گەلی کوردستان و خاونەوادەی مامی گەورەمان و یەکێتیە تێکۆشەرەکان و ڕێبوارانی خەباتی دیمکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادیخوازانی عێراق و ناوچەکە و  دنیا دەکەم. بەمامی گەورە و سەروەمان، بەڵێن دەدەین، کە ھەتاسەر گیانی پیرۆزی ئاسودە دەکەین بە کارکردن بۆ چەسپاندی دیموکراتی وھێنانەدی دادپەروەری و ھەر  بەمامۆستا و ڕێبەری ئامانجە بەرزەکان دەیھێڵینەوە. ئارام بنوو ڕێبەری مەزن و داھێنەر، ئارام بنوو مامە گیان، مامی میھرەبانی گەلێکی ڕوو خۆر.

بەرھەم ساڵح