بوونی ئاڵای کوردستان لەسەر تەرمی تاڵەبانی عێراقییەکان دەتاسێنێ

پەرلەمانتارانی عێراق بە بینینی ئاڵای کوردستان گەڕاونەتەوە بەغدا

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی مام جەلال، پەرلەمانتار و بەرپرسانی عێراقی، بەھۆی بوونی ئاڵای کوردستان لەسەر تەرمی مام جەلال داوای لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکەن کە بەو کارە ھەستاوەو لە بری ئاڵای عێراق ئاڵای كوردستانیان لە مەراسیمی پێشوازی و بەخاکسپاردنی تاڵەبانیدا بەکارھێناوە.

بەیان باقر زوبەیدی، سەرکردەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لەوبارەوە دەڵێت: "پێویستە وەك چۆن حکومەتی عێراق  لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکات کە لە بەرژەوەندی جیابوونەوە لە عێراق دەنگیاندا، لێپرسینەوە لەوانەش بکات کە تەرمی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراقیان رفاند و لە بری ئاڵای کۆماری عێراق، ئاڵای کوردستانیان تێوەپێچا".

ھەروەھا دەڵێ: "من لە تەلەڤزیۆنەوە تەماشام دەکرد و چاوەڕوانم دەکرد بەرپرسانی حکومەتی ئیتیحادی بەھۆی ئەو سوکایەتییەی بە سەرۆکی کۆچکردوو خاك و گەلی عێراق کرا لە رێوڕەسمەکە بکشێنەوە".

لە ھەمانکاتدا شاندێکی پەرلەمانتارانی عێراق کە ژمارەیان 10 کەس بوون بەھۆی بینینی ئاڵای کوردستان لەسەر تەرمی مام جەلال، بەھەمان ئەو فڕۆکەیەی ھاتبوون گەڕانەوە بەغدا.

لەوبارەوە محەمەد تەقی مەولا، لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بە دەنگی بەرز ناڕەزایی دەربڕیووە.

ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکانی عێراق، بەھۆی بوونی ئاڵای کوردستان، رووماڵی رێوڕەسمەکەیان راگرتبوو و بە ئاشکرا لە ژێرەوەی شاشەکانیان نووسیبوو "بەھۆی ئەوەی ئاڵای عێراق لە تەرمی تاڵەبانییەوە نەپێچراوە رووماڵەکە رادەگرین".

ئەو ھەڵوێستانەی لایەن و میدیا عێراقییەکان بووە نایەی نیگەرانی لای ھاووڵاتیانی کوردستان و بەلایانەوە مایەی تێڕامانبوو کە "ئەگەر ئاڵای کوردستان بە تەرمی سەرکردەیەکی کورد رەوا نەبینن کە ساڵانێکی دوور و درێژ کە پێناویدا خەباتی دەكەن، چۆن عێراق مافەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر دەکات وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن؟!".

ھەروەھا فایەق شیخ عەلی، سیاسیەكی عێراقییە وێنەیەکی تەرمی تاڵەبانی بە ئاڵای کوردستانەوە داناوەو لە سەری نوسیووە "ئەوانە جیابوونەوەیان دەوێت و شەراکەتەکەیان بەھێمنی لەگەڵ ھەڵبوەشێننەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە لە 25 ئەیلوولی 2017، ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەنجامدارا و زیاتر لە 92% گەلی كوردستان بە بەڵێ دەنگیان بە ریفراندۆمدا، لەبەرامبەردا حكومەتی عێراق چەند بڕیارێكی دژی ھەرێمی كوردستان دەركرد و یەكێك لە بڕیارەكانی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان بوو كە چووە بواری جێبەجێكردنەوە.

بوونی ئاڵای کوردستان لەسەر تەرمی تاڵەبانی عێراقییەکان دەتاسێنێ
بوونی ئاڵای کوردستان لەسەر تەرمی تاڵەبانی عێراقییەکان دەتاسێنێ
بوونی ئاڵای کوردستان لەسەر تەرمی تاڵەبانی عێراقییەکان دەتاسێنێ
بوونی ئاڵای کوردستان لەسەر تەرمی تاڵەبانی عێراقییەکان دەتاسێنێ