سەرۆك بارزانی له‌گه‌ڵ جێگرانی سه‌رۆك كۆماری عێراق كۆبووه‌وه‌ و له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ رێككه‌وتن

له‌ داهاتووێكی نزیكدا هه‌ولێر و به‌غدا كۆده‌بنه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی لەگەڵ هەریەكە لە دكتۆر ئەیاد عەللاوی و ئوسامە نوجەیفی جێگرانی سەرۆك كۆماری عێراق كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوە سێ قۆڵییەكه‌دا، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئێستای عێراق كرا، هاوكات چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشە پەیوەندیدارەكان بە گۆڕەپانی سیاسی باسييان لێوه‌كرا.

لەم بارەیەوە فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم رایگەیاند، ئامادەبووانی كۆبوونەوە, لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێككەوتن.

1- دەستپێكردنی گفتوگۆ و كۆبوونەوەكان لەنێوان لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان لە عێراق بۆ هێوركردنەوەی باروودۆخەكە.

2- كۆبوونەوەكان لەسەر ئەجێندای كراوە ئەنجام بدرێن.

3- هەڵگرتنی دەستبەجێی سزاكان لەسەر هەرێمی كوردستان.

4- دەستپێكردنی كۆبوونەوەكان لە داهاتووێكی نزیكدا، بە پشت بەستن بە ئالیەتێكی تایبەت بۆ هەماهەنگی بەردەوام.