"حكومەتی عێراق پابەندی دوا بڕیارەكانی ھەولێر و بەغدا نابێت"
"حكومەتی عێراق ھیچ پەیوەندییەكی بە كۆبوونەوەكە"
K24 - ھەولێر
حكومەتی عێراق پابەندنەبوونی خۆی بە بڕیارەكانی دوای كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ دوو جێگرەكەی سەرۆك كۆمار راگەیاند.
سەعد حەدیسی، وتەبێژی حكومەتی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند، حكومەتی عێراق، ھیچ پەیوەندییەكی بە كۆبوونەوەكەی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و ئەیاد عەلاوی و ئوسامە نوجێفی جێگرانی سەرۆك كۆمارەوە نییە و بە بڕیارێكیشەوە كە لەو كۆبوونەوە درابێت پابەند نابێت.
لە پەراوێزی بەشداریكردن لە پرسەی مام جەلال لە سلێمانی، سەرۆك بارزانی لەگەڵ ھەردوو جێگرەكەی سەرۆك كۆماردا كۆبوونەوە، له پاش كۆبوونهوهكهش فوئاد حسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم رایگەیاند، ئامادەبووانی كۆبوونەوە، لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێككەوتن.
1- دەستپێكردنی گفتوگۆ و كۆبوونەوەكان لەنێوان لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان لە عێراق بۆ هێوركردنەوەی باروودۆخەكە.
2- كۆبوونەوەكان لەسەر ئەجێندای كراوە ئەنجام بدرێن.
3- هەڵگرتنی دەستبەجێی سزاكان لەسەر هەرێمی كوردستان.
4- دەستپێكردنی كۆبوونەوەكان لە داهاتووێكی نزیكدا، بە پشت بەستن بە ئالیەتێكی تایبەت بۆ هەماهەنگی بەردەوام.
دوێنێش مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە ھەولێر تاوتوێی دۆخی نێوان ھەرێم و بەغدایان كرد، بە گوێرەی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا "وێڕای دووپاتكردنەوەی پێویستی پاراستنی سەقامگیری و ئاساییش و دووركەوتنەوە لە گرژی، جەخت لەسەر هێوركردنەوەی بارودۆخی سیاسی و پشتبەستن بە پڕەنسیپی گفتوگۆ بە ئەجیندای كراوە و بەشداریی هەمەلایەنە بۆ گەییشتن بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرایەوە".