هێرشی حووسیەکان بۆ سەر سعوودییە مەترسی لەسەر رالی داکار دروستکردووە
دۆخی شەڕ و ئاڵۆزییەکان سعوودییە و بۆردوومانەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریازی پایتەخت، ڕێکخەرانی پێشبڕکێی ڕالی داکار 2027 ناچار کردووە، بیر لەوە بکەنەوە ئەو پێشبڕکێیەکە بۆ مەغریب بگوازنەوە.
کۆمپانیای ASO رێکخەری پێشبڕکێی رالی داکار هۆشداری داوەتە بەرپرسانی سعوودییە، بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە وڵاتەکەیان دروستبووە، بیریان لەوە کردووەتەوە کە پێشبڕکێیەکە لەو وڵاتەوە بۆ مەغریب بگوازنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەستیان بە ئامادەکارییەکان کردووە.
لەمبارەوە رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانیا بڵاویکردەوە، تەنها لە ئەگەری ئاسایی بونەوەی دۆخەکە رێکخەرانی رالی داکار، ئامادەن رێگە بە ئەنجامدانی پێشبڕکێیەکە لە سعوودییە بکەن، هەروەها بەرپرسانی ئەو وڵاتەش داوایان کردووە تا نزیکبونەوەی پێشبڕکێیەکە دەرفەتیان پێبدەن.
رالی داکار بڕیارە رۆژی هەشتی مانگی سەرەتای ساڵی 2027 لە سعوودییە دەست پێ بکات، ئەگەر تاوەکو ئەو کاتە دۆخی نێوخۆیی ئەو وڵاتە بەهۆی هێرشی حووسیەکانی یەمەن ئاسایی نەبێتەوە، ئەو کاتە پاڵەوانێتیەکە بۆ مەغریب دەگوازرێتەوە.