كۆمسیۆن ئەنجامی كۆتایی ریفراندۆم بڵاودەكاتەوە

نزیكەی 3 ملیۆن كەس دەنگیان بە بەڵێ داوە

K24 - ھەولێر

كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆتایی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی بڵاوكردەوە، 3 ملیۆن و 305 ھەزار و 935 كەس بەشداریان لە پڕۆسەكەدا كردووە و بە گوێرەی دوایین ئەنجام رێژەی دەنگی بەڵێ 92.72% بووە.

وەك لە نووسراوی فەرمی كۆمسیۆن ھاتووە: "پاڵپشت بە بڕگەی (نویەم) لە ماددەی (چوارەم) لە یاسای ژمارە ( 4)ی ساڵی 2024ی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی، ئەنجوومەنی كۆمسیاران بە نووسراوی ژمارەە (108) لە رێكەوتنی 28/9/2017، ئەنجامە بەراییەكانی پڕۆسەی راپرسی ئاراستەی ئەنجوومەنی دادوەری- سەرۆكایەتی دادگاو پێداچوونەوەی ھەرێمی كوردستان- دەستەی دادوەری ھەڵبژاردن و راپرسی كرد بە مەبەستی پەسند كردنیان".

ھەروەھا روونكراوەتەوە: "ئەنجامەكانی پڕۆسەی راپرسی سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستانی لەلایەن بەڕێزانەوە پەسند كرا، بە نووسراوی فەرمی ژمارە (1/ دەستەی دادوەری ھەڵبژاردن و راپرسی /2017) لە 4/10/2017 ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی كرد".

بە گوێرەی نووسراوی فەرمی كۆمسیۆن، دەنگی بەڵێ لە پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، 2 ملیۆن و 861 هەزارو 473 بووە و 224 ھەزار و 464 كەسیش دەنگیان بە نەخێرداوە، دەنگی سپی و پووچەڵ 219 ھەزار 990 بووە.

ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە 25/9/2017، بەڕێوەچوو بە گوێرەی ئەنجامە فەرمییەكانیش زیاتر لە 92 خەڵكی كوردستان لەگەڵ سەربەخۆییدان