مه‌سرور بارزانى: پێویسته به‌غدا كۆتایی به بڕیاره زێده‌ڕۆییه‌كانی دژ به هەرێمی کوردستان بهێنێت
مه‌سرور بارزانی پێشوازی له باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له عێراق كرد
K24 – هه‌ولێر:
مه‌سرور بارزانی پێشوازی له باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له عێراق كرد و رايگه‌ياند، پێویسته به‌غدا كۆتایی به بڕیاره زێده‌ڕۆییه‌كانی دژ به هەرێمی کوردستان بهێنێت.
ئه‌مڕۆ مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له (سیریل نان) باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد.
له ميانى كۆبوونه‌وه‌ياندا دوا په‌ره‌سه‌ندنه سیاسی و سه‌ربازییه‌كان و كاردانهكانی دوای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی تاوتوێ كرا.
له‌م دیداره‌دا باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند، ئامانجیان له‌سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵدانه بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆیه‌كی كراوه له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان.
په‌یوه‌ست به كاردانه‌وه و رێوشوێنه راگه‌یه‌ندراوه‌كانی به‌غدا له‌دوای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه جیاوازییه‌كان به هه‌ڕه‌شه و توندوتیژی چاره‌سه‌ر نابن.
گوتيشى: پێویسته به‌غدا كۆتایی به رێوشوێن و بڕیاره زێده‌ڕۆییه‌كانی دژ به هەرێمی کوردستان بهێنێ.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هانده‌ر و یارمه‌تیده‌ر بێت بۆئه‌وه‌ی به‌غدا ده‌ست به گفتوگۆی كراوه له‌گه‌ڵ هه‌ولێر بكاته‌وه. هه‌روه‌ها جەختی له‌وه کردەوە، كه هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له هه‌ر هه‌وڵێكی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات به‌ئاراسته‌ی به‌دیهاتنی ئاشتی و سه‌قامگیری زیاتر له‌ناوچه‌كه‌دا.
له‌لای خۆیه‌وه باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له عێراق وێڕای به‌رزنرخاندنی رۆڵی هێزی پێشمه‌رگه له تێشكاندنی تیرۆریستان و ئه‌و ئاسایش و ئارامییه‌ی هه‌یه، ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌شی پیشاندا بۆ یارمه‌تیدانی به‌غدا و هه‌ولێر له‌پێناو بنیاتنانی بنه‌مایه‌كی هاوبه‌ش بۆ تێگه‌یشتن له‌سه‌ر پرسه هاوبه‌شه‌كان و جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، كه سه‌قامگیری و ئارامی هه‌رێمی كوردستان جێگه‌ی بایه‌خی ئه‌ڵمانیه.