فه‌رمانده‌يى گشتى پێشمه‌رگه‌: پێويسته‌ هه‌موو هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ ئاماده‌باشى ته‌واودا بن

K24 – كه‌ركووك:

فه‌رمانده‌يى گشتيى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا، داوايكرد، هه‌موو هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ ئاماده‌باشى ته‌واودا بێت بۆ به‌رگريكردن له‌ خاكى كوردستان.

ده‌قى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌

راگەيه‌ندراوێك لە فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان

شەوی رابردوو هێزەكانی حەشدی شەعبی و هەندێك لە هێزەكانی سوپای عێراقی دەستیان بە جمووجۆڵ و خۆئامادەكردن بۆ پەلاماردانی ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی پێشمەرگە بە تایبەت لە دەوروبەری كەركووك كردووە.

ئەو جمووجۆڵە لەدوای هاندان و دەستلەپشتدانی بیانی و هەروەها لێدوانی هەڕەشەئامێزی چەند رۆژی رابردووی ژمارەیەك بەرپرسی سەربازی و سیاسی عێراقی دێت لەدژی گەلی كوردستان و ئاماژەی مەترسیداری هەڵگیرساندنی شەڕ و پەلاماردانی كوردستانی تێدایە.

كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان و رای گشتیی جیهانی لەوە ئاگادار دەكەینەوە كە ئەو دۆخە نالەبارە دەبێتە هۆی كارەساتی گەورە.

ئێمە دژی شەڕ و خوێنڕشتنین، و لە روانگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتییەوە داوا لە حكوومەتی بەغدا دەكەین لە جیاتی جووڵاندنی هێز و خۆسەپاندنی بەزۆر، بێت گفتوگۆ بكات و لەو رێگەیەوە گرفتەكان چارەسەر بكرێت.

بەڵام هەڕەشە و پەلاماردان و شەڕفرۆشتن قبوڵ ناكرێت و چارەسەری هیچ گرفتێك ناكات و هێزی پێشمەرگە زۆر بە توندی بەرگری لە گەلی كوردستان دەكات و رێگە نادات بە زمانی چەك و خۆسەپاندنی بەزۆر، مامەڵە لەگەڵ كوردستاندا بكرێت.

پێویستە هەموو هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش لە ئامادەباشیی تەواودا بن بۆ بەرگریكردن لە گەل و خاكی كوردستان و بەرپەرچی هەموو جۆرە هەڕەشە و پەلامارێك بدەنەوە.

فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان

13ـی 10ـی 2017