وادەی کۆنتڕۆڵكردنی تەواوی رەققە دیاركرا
داعش رەققە لە دەستدەدات
K24 - ھەولێر
یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ یان سبەی شاری رەققە بە تەواوی لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموكرات دەکرێتەوە.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لە زاری نووری مەحمود، گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل رایگەیاندووە: "شەڕ لە شاری رەققە بەردەوامە و خەریکە داعش بە تەواوی لە شارەکە کۆتایی دێت، رەنگە ئەمڕۆ یاخود سبەی تەواوی شاری رەققە بکرێتەوە و داعش لە شارەكە دەربكرێت".
لە لایەكی دیكە ھەر لەبارەی شەڕی رەققەوە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاشكرای كرد: "گەڕەكی نەھزەی رەققە كۆنترۆڵكرا و لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 100 چەكداری داعش لە رەققە خۆیان رادەست كردووە، پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی داھاتوودا شەڕی سەخت لە رەققە رووبدات".
ئۆپەراسیۆنی (توڕەیی فورات) بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی ناوچەكانی سنووری رەققە رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 دەستیپێكرد و ھێزەكانی سووریای دیموكرات لە سێ قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە، چەندین ناوچەیان لە دەوروبەری رەققە كۆنترۆڵكرد، دواتر لە 21 ئاداری 2017 ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی تەبقە لە رۆژئاوای شاری رەققە دەستیپێكرد و رۆژی 11 ئایاری 2017 تەبقە لەلایەن ھێزەكانی سووریای دیموكرات كۆنترۆڵكرایەوە، دواتر ئۆپەراسیۆنیان بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوەندی رەققە دەستپێكرد.