ئێران كۆڵبه‌ره‌كان به‌ قاچاغچی ناوده‌بات

رێژه‌ی كوشتنی كۆڵبه‌ره‌كان زیاد بووه‌

K24 - هه‌ولێر:

جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێت: "ئەو كەسانەی لەسەر سنوور تەقەیان لێ دەكرێت، قاچاغچین و كۆڵبەر نین و لەبەرامبەر ئەو قاچاغچیانە دەوەستینەوە".

حوسێن زوڵفەقاری جێگری وەزارەتی ناوخۆی ئێران بۆ كاروباری ئاسایش بە ئاژانسی ئیلنای گوتووە: "كۆڵبەری و قاچاغچییەتی جیاوازن، ھێزە سنوورپارێزەكان تەقە لە قاچاغچییەكان دەكەن".

زولفەقاری دانی بەوەش داناوە كە "ئەوان تەقە لەو كەسانە دەكەن كە بە شوێنی دیاریكراوی ئەواندا نارۆن و وەكوو قاچاغچیش ناویان دەھێنێت. ئەو لێدوانەی جێگری وەزارەتی ناوخۆی ئێران لەكاتێكدایە كە لە ساڵی رابردوودا، رێژەی كوشتنی كۆڵبەرانی كورد بە رێژەیەكی زۆر زیادیكردووەو زۆربەشیان كەلوپەلی كارەباییان پێ بووە.