داواكاری گشتی سكاڵای یاسایی دژی رابون مەعروف دەجوڵێنێت
"بووەتە ھۆی ئەوەی كە ئاسایشی ھەرێم بكەوێتە مەترسی و چەندین رووداوی نەخوازراوی لێكەوتەوە"
K24 - ھەولێر
لە نووسراوێكدا كە وێنەیەك دەست كوردستان24 كەوتووە، داواكاری گشتی ھەرێمی كوردستان، داوا لە دادگای لێكۆڵینەوەی ھەولێر دەكات، رێكاری یاسایی بەرامبەر پەرلەمانتار رابون مەعروف بگرنەبەر.
وەك لە نووسراوەكەدا ھاتووە: "پەرلەمانتار رابون تۆفیق مەعروف، لە پرێس كۆنفرانسێكدا ھەڵساوە بە تانەدان لە پێشمەرگە و دەزگا فەرمییەكانی ھەرێم، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی كە ئاسایشی ھەرێم بكەوێتە مەترسی و چەندین رووداوی نەخوازراوی لێكەوتەوە، لەم سۆنگەیەوە بە گرتنبەری رێكاری یاسایی پێویست دژی ناوبراو بەپێی ماددەی (226) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969ی ھەمواركراو، لە دەرئەنجامەكەی ئاگادارمان بكەنەوە".
