"مەترسی لە رەوشی ئۆجەلان دەكرێت"
خانەوادەكەی و پارێزەران ئاگاداری تەندروستی ئۆجەلان نین
K24 - ھەولێر
خانەوادەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ترسیان لە تەندروستی ئۆجەلان، ھەیە و داوای ھەڵگرتنی بە پەلەی قەدەخەی دیداری دەكەن.
محەمەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بە ئاژانسێكی نزیك لەو پارتەی راگەیاندووە، دوای ھەواڵەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ترسیان لە تەندروستی ئۆجەلان زیاتر بووە و پێویستە حكومەت بە پەلە ئەو قەدەخەیە ھەڵبگرێت كە لەسەر دیداری ئۆجەلان داندراوە.
برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، داواشی لە حكومەت كرد، لە پێناو بەرجەستەكردنی ئاشتی لە توركیا بۆچوونەكانی ئۆجەلان بە ھەند وەربگرن، جەختیشی كردەوە ئۆجەلان، بەردەوام لەگەڵ چارەسەركردنی ئاشتییانەی پرسی كورد بووە و دوایین جاریش پشتیوانیی لە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كردووە.
راشیگەیاند، زیاتر لە ساڵێكە ئەوان ئاگاداری دۆخی تەندروستی ئۆجەلان نین و رێگە بە پارێزەرەكانی نادرێت بیبینن، ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت، جێگەی قبووڵكردن نییە.