كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان پەرەدەستێنێ

"گۆڕان لە دووڕیانێك گیری خواردووە"

K24 - ھەولێر

لە پاش كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە، كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان پەرەی سەند و لە ئێستادا خەریكە ئەو دۆخە دەتەقێتەوە كە ماوەیەكە لەنێوخۆی ئەو بزووتنەوە پەنگی خواردووەتەوە و سەرەڕای ھەوڵی چەند ھەڵسوڕاوێك نەتوانرا بەر بە توڕەیی و ململانێكانی گۆڕان بگیرێت.

ژمارەیەك لە ھەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان، كێشە ناوخۆییەكانی بزووتنەوەكەیان ئاشكرا دەكەن و رایدەگەیەنن، لە خانەی راپەڕاندن ئەگوزەرێ لە ئەنجامی پێکەوە نە گونجانی ئەندامەکانیان و سەرگەرمیان بە کێشە و ململانێی نێوان خۆیانەوە، گۆڕانیان كردووەتە ھێزێكی سست و بێ ئیرادە.

لە وتارێكی ھاوبەشدا ھەرسێ ھەڵسوڕاوی گۆڕان مەحموود رەزا، عەدنان عوسمان، ھۆشیار عەبدوڵڵا، تیشك دەخەنە سەر كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان و دەڵێن: "لە ماوەی رابردوودا، گۆڕان هێزی کاریگەر و بزوێنەری شەقام و داخوازی هاووڵاتیان بوو. بەڵام هەست ئە کەین ئێستا لە دووریانێکی مەترسیدار و چارەنوسسازا گیری خواردووە".

لە وتارەكەدا ئەوەیان خستووەتەڕوو: "ئەوەیە کە ئێستا ئە گوزەرێ. خانەی راپەڕاندن، لە ئەنجامی پێکەوە نە گونجانی ئەندامەکانیا و لە غیابی دیدگای رۆشنیان بۆ پرسە سیاسیەکان و نە بونی هەڵوێستی شێلگیرانە و لێبڕاوانەیان بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی جڤاتی نیشتمانی و خولانەوەیان بە دەوری کێشەکانا و هەوڵ نە دانیان بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی خێرا و رۆشن و ئازایانە لە بەرامبەر کۆی پرسە سیاسیە گشتی و ناوخۆییەکانا، لە لایەک و، سەرگەرمیان بە کێشە و ململانێی نێوان خۆیانەوە، بزوتنەوەی گۆڕانیان بە دۆخێک گەیاندوە کە، لە هێزێکی بزۆز و خولقێنەری روداو و دەسپێشکەریی کاریگەرەوە، کردویانە بە هێزێکی پاسیفی بێ کاریگەر و بێ ئیرادە".

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەدا ھاتووە: "لە ماوەی تەمەنیدا، خانەی راپەڕاندنی گۆڕان جگە لە بەیاننامە و کۆبونەوەی بێ ئەنجام و هەوڵدان بۆ سنوردار کردن و لاوازکردنی گوتاری ئیعلامی گۆڕان، هیچ هەنگاوێکی تری لێ نە بینراوە".

ئەو ھەڵسوڕاوانەی گۆڕان باس لە بڕیاری تاكلایەنانەی نێو بزووتنەوەكەیان دەكەن و دەڵێن: "هەست بە مەترسیەکی تریش ئەکەین کە بریتی یە لە بڕیاردانی تاکلایەنە و یەکلاکردنەوەی پرسە گرنگەکان بەبێ راوێژ و وەرگرتنی رەزامەندی جڤاتەکان و ژورەکان، بۆ نمونە: "دیاری کردنی کاندیدی سەرۆکایەتی هەرێم و لیستی کاندیدەکانی پەرلەمان و سەرۆکی لیست".

دەشڵێن: "بەم شێوازی بەڕێوەبردنە لە لایەن خانەی راپەڕاندنەوە، گۆڕان لە ساتەوەختێکی مەترسیدارایە کە ئەگەری داڕوخانی سیاسی و جەماوەری و لێکترازان و دورکەوتنەوەی هەڵسوڕاوە ئازاو جەسورەکانی لێ ئە کرێ".

ئەوەش دەخەنەروو: "سەرەتای سلبیانەی ئەم قۆناغە لە کۆنترۆڵکردن و مۆنۆپۆل کردنی سەرجەم پۆستەکانی خانەی راپەڕاندن و بڕیاری بزوتنەوەکەوە بو لەلایەن گروپێکەوە، بە بێ گوێ گرتن بۆ دوا پێشنیاری نوسراوی کاک نەوشیروان لەسەر ئیدارەدانی بزوتنەوەکە کە، داوای کردبو بە بەشداری هەمو توانا و نەوەکان بێ".

ئەو ھەڵسوڕاوانەی گۆڕان، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بزووتنەوەكەیان داوا دەكەن ھەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان ئەنجامبدرێت و دەڵێن: "جڤاتی نیشتمانی بڕیاربدا پێش کۆتایی ساڵی 2017 یا لە مانگی کانونی دوەمی 2018 دا هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان لە بنکەوە بۆ لوتکە (بە خانەی راپەڕاندن یشەوە) بکرێن، بە مەرجی رەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمو چالاکوان و هەڵسوڕاوانی گۆڕان. دوای ئەوە ژورەکان و ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکە بە گوێرەی دەستوری ناوخۆ سەر لە نوێ دابڕێژرێنەوە".