رێباز حهملان: هيچ حسابێكى بانكيم نييه و ههندێك خهڵكى ههلپهرست له ئاوى لێڵدا راودهكهن
"من وەك رێباز حەملان نە لە وڵاتی توركیا، نە لە ئەوروپا و هیچ وڵاتێكی تری دەرەوەی عێراق هیچ حسابێكی بانكیم نییە".
K24 – ههولێر:
وهزيرى دارايى و ئابوورى حكومهتى ههرێمى كوردستان رێباز حهملان له روونكردنهوهيهكدا كه وێنهيهكى بۆ كوردستان 24 نێردراوه، رايگهياندووه، "من وەك رێباز حەملان نە لە وڵاتی توركیا، نە لە ئەوروپا و هیچ وڵاتێكی تری دەرەوەی عێراق هیچ حسابێكی بانكیم نییە".
له روونكردنهوهكهدا هاتووه: "ئەمڕۆ لە هەندێك دەزگاگانی راگەیاندنی باشوری كوردستان هەواڵێك بڵاو كراوەتەوە كە پارەی چەند بەرپرسێكی هەرێمی كوردستان بلۆك دەكرێت ولەناویاندا ناوی بەندەش هێنراوە وەك وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم كە حسابە بانكیەكانم لە دەرەوەی وڵات بلۆك بكرێت".
ههروهها هاتووه: "حسابی بانكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی توركیا و لە هاڵك بانك لە 15/9/2015 بە فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە داهاتی فرۆشتنی نەوت بە بۆری بخرێتە ئەو حسابە و بەندە وەك وەزیری دارایی و ئابووری مافی رەفتاركردنم پێی هەبێت، كە ئەمەش یەكێك بوو لە دەستكەوتە گرنگەكان بۆ هێنانەوەی داهاتی نەوت لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری بە ئاگاداری پەرلەمانی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گاز بوە، لەوكاتەدا سەردان كردنم بۆ توركیا و بینینی وەزیری دەرەوەی توركیا و بریكاری وەزیری وزەی توركیا و بەڕێوەبەری گشتی هاڵك بانك لەكاتی خۆیدا لە راگەیاندنەكان بڵاومان كردەوە، بەڵام بەهۆی كێشە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان تەنها سێ هەفتە دوای ئەو فەرمانە لە كارەكانمان دوورخراینەوە، لەبەر ئەوە هیچ مامەڵەیەك بەو ژمارە حسابیە نەكراوە كە بە واژۆی بەندە بێت".
له بهشێكى ديكهى روونكردنهوهكهيدا هاتووه: "من تەنها ساڵێك و سێ مانگ لەكاردا بووم وەك وەزیری دارایی و ئابووری لە 18/6/2014 تاوەكو 12/10/2015، لەو بەروارەدا تەحەدای هەر كەسێك دەكەم یەك بەڵگە لەسەر بەندە بسەلمێنێ كە گەندەڵیم كردبێت، بەڵكو ئەو قسانەی دەوترێت لە عێراق بەشی سەرەكی پەیوندارە بە كێشە و ململانێی نێوان بەغدا و هەولێر".
سهبارهت به بڵاوبوونهوهى ئهو دهنگۆيانه، رێباز حهملان نووسيويهتى: "ئەوەی لە كوردستانیش دەوترێت بریتیە لە ململانێی حزبی و شەخسی وتۆمەت هەڵبەستنی هەندێك خەڵكی هەلپەرست كە لە ئاوی لێڵدا ڕاودەكەن".