بۆچی تره‌مپ وێنه‌ی محه‌مه‌د بن سه‌لمانی له‌به‌رده‌می خۆی داناوه
له‌م راپۆرته‌دا بزانه تره‌مپ له‌ناو "ئایه‌ر فۆرس وه‌ن"ه‌وه چ په‌یامێك ده‌نێرێت
K24 - هه‌ولێر:
دۆناڵد تره‌مپ، وێنه‌یه‌كی خۆی له ناو فڕۆكه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، "ئایه‌ر فۆرس وه‌ن"، له‌گه‌ڵ ستافه‌كه‌ی له تویته‌ر بڵاوكردووه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ وێنه‌كه‌شدا، كه دوای ساڵێكه له هه‌ڵبژاردنی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و پیرۆزبایی له ده‌نگده‌رانی ده‌كات.
تره‌مپ له تویته‌كه‌دا ده‌ڵێت: "پیرۆزبایی له هه‌موو (دڵته‌نگان) و ئه‌و ده‌یان ملیۆن كه‌سه ده‌كه‌ین كه سه‌ركه‌وتنیان پێبه‌خشین (304 ده‌نگ به‌رامبه‌ر به 227 ده‌نگ) له ئه‌نجوومه‌نی هه‌ڵبژاردن".
به‌ڵام وه‌ك له وێنه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، ته‌نها به شێوه‌یه‌كی ئاسایی پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی له هه‌ڵبژاردنی ساڵی رابردوو ناكات، ئه‌گه‌ر سه‌یری سه‌ر مێزه‌كه‌ی بكه‌ی، له‌ناو فڕۆكه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، رۆژنامه‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، كه له‌لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌مدا وێنه‌ی محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازادی جێنشینی سعوودیه‌ی له‌سه‌ره و له ئێستاشدا خه‌ریكی پاكتاوكردنی شازاده ركابه‌ره‌كانیتی له سعوودیه، بۆیه وێنه‌كه‌ی تره‌مپ هه‌ر له‌خۆوه و به شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی نه‌گیراوه و دانه‌نراوه.
ئه‌وه‌ی وایكردووه تویته‌كه‌ی تره‌مپ به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له نێو سعوودییه‌كان و لاپه‌ڕه تایبه‌تییه‌كانییان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبكرێته‌وه، ئه‌وه‌یه كه تا ئێستا تره‌مپ هه‌ڵوێستی نه‌رێنی باره‌ی كاره‌كانی شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه ده‌رنه‌بڕیوه، به‌ڵكو كاره‌كانی به ئه‌رێنی وه‌سفكردوون.
یه‌كێك له وێبسایته هه‌واڵییه‌كانی سعوودیه، وێنه‌ی تویته‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه و نووسیویه‌تی: "سه‌رۆك تره‌مپ هه‌واڵی هه‌ڵمه‌تی شازاده‌ی جێ‌نشین ده‌خوێنێته‌وه له دژی گه‌نده‌ڵی".
Congratulations to all of the ”DEPLORABLES” and the millions of people who gave us a MASSIVE (304-227) Electoral College landslide victory! pic.twitter.com/7ifv5gT7Ur
— Donald J. Trump (@realDonaldTrump) November 8, 2017
هه‌رچی رۆژنامه‌كه‌یه، كه "فاینه‌نشه‌ل تایمز"ی به‌ریتانییه، باس له بابه‌تێكی دیكه ده‌كات، ئه‌ویش شه‌ڕی ساردی نێوان سعوودیه و ئێرانه، پێشنبیی ده‌كرێت ببیته شه‌ڕی راسته‌قینه‌ی گه‌رم، ئه‌وه‌ش ئه‌و په‌یامه‌یه كه تره‌مپ ده‌یه‌وێت له تویته‌كه‌یدا بیگه‌یه‌نێت.
راپۆرتی رۆژنامه به‌ریتانییه‌كه، باس له گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه ده‌كات، كه له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دوایی به شێوه‌یه‌كی خێرا روویانداوه، به‌تایبه‌تیش ده‌ست له كاركێشانه‌وه‌ی سه‌عد حه‌ریری، سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنان له ژێر گوشاری سعوودیه، به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی حزبوڵڵای لوبنانی له وڵاته‌كه و كه نزیك له ئێران.
دوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی حه‌ریری، سعوودیه لێدوانه‌كانی به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له دژی ئێران بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، ئێران مووشه‌كی بالیستی داوه‌ته حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن، ئه‌وه‌ش زیادبوونی گرژی زیاتره له‌لایه‌نی سعوودیه‌وه كه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا له به‌رامبه‌ر پاوانخوازییه‌كانی ئێران پاشه‌كشه‌ی كردووه.
هاوپه‌یمانه‌كانی ئێران، له سووریا و عێراق سه‌ركه‌وتنییان به ده‌ستهێناوه، له كاتێكدا هاوپه‌یمانه‌كانی سعوودیه، له ئۆپۆزیسیۆنی سووریه، به‌رده‌وامن له شكست.
فاینه‌نشه‌ل تایمز، ئاماژه به رۆڵی ئیسرائیل ده‌كات له شه‌ڕی داهاتوو و له زاری یۆویل گۆزانسكی، توێژه‌ر له په‌یمانگه‌ی توێژینه‌وه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئیسرائیل، بڵاویكردووه‌ته‌وه، له ئێستا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا، ئه‌گه‌رێكی دووره.
به‌ڵام ئه‌و توێژه‌ره ترسی خۆی له‌وه نه‌شاردوووه‌ته‌وه، ناسه‌قامگیری سعوودیه ده‌بێته هۆی تێوه‌گلانی هه‌ردوو لایه‌ن له شه‌ڕێكی سه‌خت و ره‌نگه لوبنان بگه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌می چاخ به‌ردین.