له‌شاری سلێمانی 150 زیندانی داعش راده‌ستی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان كرانه‌وه
به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنێكی نێوان یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان ئه‌و زیندانیانه راده‌ستی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عێراق كراونه‌ته‌وه
K24- هه‌ولێر:
ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق رایانگه‌یاند، به‌گوێره‌ی رێكه‌وتنێكی نێوان هێزه‌كانیان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، 150 چه‌كداری داعش كه له‌سلێمانی زیندانیكرابوون، راده‌ستی هێزه‌كانیان كراونه‌ته‌وه.
عه‌مید یه‌حیا ره‌سول گوته‌بێژی فه‌رمی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا جه‌ختی كرده‌وه" به‌گوێره‌ی رێكه‌وتنێكی نێوان هێزه‌كانمان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، سلێمانی 150 تیرۆریستی راده‌ستی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عێراق كردۆته‌وه".
سه‌باره‌ت به شاری كه‌ركوكیش یه‌حیا ره‌سول گوتی، ئێمه ده‌ستمان به هه‌ڵمه‌تێكی گشتگیری پشكنین له سه‌رانسه‌ری ئه‌و شاره كردووه، له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا زۆرترین كار له‌سه‌ر بوونی چه‌ك له‌ناو ماڵان‌دا ده‌كه‌ین، هه‌ر ماڵێك زیاتر له یه‌ك پارچه چه‌كی هه‌بێت، ئه‌وا ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرین و ته‌نیا پارچه‌یه‌كیان بۆ ده‌ھێڵینه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌ستیشی به‌سه‌ردا ناگرین، ئه‌وا ژماره‌ی چه‌ك، ژماره‌ی خانوو و ناوی خاوه‌ن چه‌كه‌كه لای خۆمان تۆمار ده‌كه‌ین.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا، زۆربه‌ی دانیشتوانی گه‌ڕه‌كه كوردنشینه‌كانی شاری كه‌ركوك، له شازده‌ی ئوكتۆبه‌ره‌وه ئاواره بوونه و له‌ترسی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق نا‌وێرن بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان.