كۆبوونه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان دواخرا

كوردستان 24 هۆكاره‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

بڕیاربوو ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بەهۆی ئامادەنەبوونی سه‌رۆكی فراکسیۆنەکانی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، كۆبوونه‌وه‌كه‌ دواخراوه‌.

په‌یامنێری كوردستان 24 راشیگه‌یاند، هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هه‌وڵیداوه‌ بۆ رازیکردنی ئەو دوو فراکسیۆنە بۆ بەشداریکردنیان، به‌ڵام پێشتر رایانگه‌یاندووه‌، كه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ ناكه‌ن.

پێشتر ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، تایبه‌ت بۆ كوردستان 24 راگه‌یاند، بڕیاره‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، په‌یوه‌ندی نێوان پارته‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق باسییان لێوه‌بكرێت.