په‌یامی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌رباره‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و

داوا لە كارمەندانی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان دەكات لە ئامادەباشیدا بن

K24 - هەولێر:

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە بارەی بوومەلەرزەكەی ئەمشەوی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا سەرپەرشتیاری یەكە ئیدارییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، سەرپشك  بن لە بڕیاردان بۆ هەنگاوی پێویست.

هاوكات داوا لە كارمەندانی نەخۆشخانەكان و بنكەكانی تەندرووستی و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات، ئەمشەو پابەند بن بە شوێنی كارییانەوە و لە ئامادەباشیدا بن بؤ هاوكاريكردنى هاووڵاتییان.

دەپی پەیامەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:

کوردستانیانی خۆشەویست،

بەداخەوە، ئەمشەو 12 - 13 / 11 / 2017 بوومەلەرزەیەک، شارەکانی کوردستانی هەژاند و بووە هۆکاری گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەندین هاووڵاتى لە ناوچە جیاجیاکان. لێرەوە داوا لە کارمەندانی نەخۆشخانە و بنکەکانی تەندروستی و هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە هاوکاریی هاووڵاتیان ده‌كه‌ین، ئەمشەو پەیوەندی بە شوێنی کاریانه‌وه‌ بکەن و لە ئامادەباشیدا بن بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتیان، بەتایبەتیش برینداران.

بەم بۆنەیەشه‌وه‌ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، پارێزگار و سەرپەرشتیاری یەکە كارگێڕییەکان سەرپشک دەکات لە بڕیاردان بۆ هەر هەنگاوێک کە پێویست بکات بۆ هاوکاریکردنی برینداران و هاووڵاتیان.

لە پەروەردگاری مەزن داواكارین گیانی قوربانییان بە بەهشتی خۆی شاد بکات و سەبووریی کەسوکاریان بدات، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران و سەلامەتی بۆ هاووڵاتییان دەخوازین.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

12/13-11_2017