عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق باره‌گاكانی به‌ره‌ی توركمانیان له خورماتوو تاڵانكرد
حه‌سه‌ن كه‌ریم به‌رپرسی به‌ره‌ی توركمانی له خورماتوو و پاسه‌وانه‌كانی له‌لایه‌ن میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه ده‌ستگیركران
K24- هه‌ولێر:
به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یامنێری كوردستان 24، سه‌رله‌به‌یانی رۆژی سێشه‌ممه، گروپی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌قی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی، به‌بیانۆی خیانه‌ت كردن له شیعه‌كانی خورماتوو و سیخوڕیكردن بۆ توركیا، هێرشیانكرده سه‌ر باره‌گاكانی به‌ره‌ی توركمانی له خورماتوو، دوای شه‌ڕێكی سه‌خت له‌نێوان هه‌ردوولا، حه‌سه‌ن كه‌ریم به‌رپرسی به‌ره‌ی توركمانی له خورماتوو و پاسه‌وانه‌كانی له‌لایه‌ن میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه ده‌ستگیركران.
ئه‌و زانیاریانه ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كه‌ن، دوای ده‌ستگیركردنی به‌رپرسی به‌ره‌ی توركمانی و پاسه‌وانه‌كانی، باره‌گاكه‌یان له‌لایه‌ن چه‌كدارانه‌وه تاڵانكراوه و ده‌ستیش به‌سه‌ر بینایه‌ی باره‌گاكه‌دا گیراوه.
وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، سه‌ره‌تا میلیشیاكانی ئه‌و گروپه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ته‌قه‌یان له باره‌گای به‌ره‌ی توركمانی كردووه و ژماره‌یه‌ك چه‌كداری به‌ره‌ی توركمانیش بریندار بوونه.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كیش له خورماتوو ئاشكرایانكردووه، دوای رووداوه‌كه چه‌كدارانی ئه‌و گروپه‌ی حه‌شد ده‌ستیان به پشكنینی ماڵی توركمانه‌كان كردووه و به‌هۆی ئه‌و رووداوه به‌شێك له توركمانه‌كان ماڵ و حاڵی خۆیان به‌ره‌و ناوچه كوردستانیه‌كان و هه‌ندێكیشان به‌ره‌و شاری به‌غدا جێهێشتووه.