حكومه‌تی ئێران ئاوڕ له‌ لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی پارێزگای كرماشان ناداته‌وه‌

خەڵکی ئەو ناوچەیە بەردەوام گلەیی لە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکوومی دەکەن

K24 - هه‌ولێر:

سێ ڕۆژ پاش ئەو بوومەلەرزەیەی لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، كه‌ هەزاران خانووی وێرانكرد، تا ئێستا زۆربەی لێقەوماوان لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە هیچ ئاوڕێکیان لێ نەدراوەتەوە. هاوکارت رێکخراوە مەدەنییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نیگەرانن لەوەی بە هاتنی شەپۆلێكی سەرما لە رۆژی یەکشەممەوە گوزه‌رانی ئەم خەڵکە زۆر خراپتر ده‌كات.

سێ ڕۆژ پاش ئەو بوومە لەرزەیەی هەر چوار پارچەی کوردستانی هەژاند، بەڵام رۆژهەڵاتی كوردستانی زیاتر زامدار کرد، برینەکانی ئەم پارچەیەی کوردستان ساڕێژ نەبوونەتەوە.

خەڵکی ئەو ناوچەیە بەردەوام گلەیی لە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکوومی دەکەن و دەڵێن: "ئەوەی کە تا ئیستا کراوە خەڵکی شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان کردوویانە و حکوومەتی هیچ ئاوڕی لێ نەداونەتەوە.

خەڵکی ماڵ ڕووخاو، بێ هیوا لە هاوکاریی حکوومەت، پاش دۆزینەوە و ناشتنی تەرمی کوژراوەکانیان، ئیستا خەریکن خۆیان کەلوپەلەکانیان لەژێر دار و پەردووی داڕماوی خانووەکانیان دەردێنن بۆ ئەوەی ئەوەی ماویشە لە دەستی نەدەن

هاو،ڵاتییه‌ك ده‌ڵێت: " یارمەتیی خەڵک باش بووە بەڵام هیچی دیکەیان پێ نەداوین. ئیستا ئێمە جێگەی خەوتنمان نییە. بە خوا هەموومان لەو دەشتە و لە تەنیشت چەمەکە دەخەوین".

ئەو خانووانەی کە بڕیار بوو حکوومەت بە پارەی خەڵکی هەژار بۆیانی دروست بکات بۆ ئەوەی تێیدا بحەسێنەوە، بوو بە قاتڵی گیانیان و ئەوەی بڕیار بوو ساباتی سەریان بێ، بەسەریاندا ڕما. ئیستا خەڵک نیگەرانی ئەوەن ئەگەر لە رۆژانی داهاتوودا باران ببارێ، دۆخی ئەو خەڵکەی تا ئیستا تەنانەت خێمەیەکیشیان بە دەست نەگەیشتووە خراپتر لە ئیستا دەبێت.

هاووڵاتیان ده‌ڵێن: "ئەگەر سبەینێ و دووسبەی باران ببارێ ئەم خەڵکی چی بکەن؟ هیچ چارەیەکیان نییە. ئێستا ئێرە قووڵە، ماڵی ئێمە رووخاوە و لیرەین. باران ببارێ هەموو ئاوەکە لێرە کۆ دەبێتەوە لێمان دەبێتە دەریا. ئەگەر باران ببارێ و خەڵک لە خەودا بن دەبی ئەو خەڵکە چی بکەن؟".

شایەتحاڵێک بە کوردستان بیست و چواری راگەیاند زۆربەی گوندەکانی ئەو ناوچەیە و بە تایبەت ئەو گوندانەی دانیشتوانیان پەیڕەوی ئایینی یارسانن، جگە لە هێندێک یارمەتیی خەڵکی خۆبەخش هێچ شتێکی دیکەیان پی نەگەیشتووە.

رێکخراوە مەدەنییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و رێکخەرانی کەمپەینی وەتەن چاوی لێمانە، داوا لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کورستان دەکەن، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو کەمپەینە و شارەزایانی ئەم رێکخراوانە هاوکارییەکانیان پێشکەش بکەن. بە تایبەتیش کە لە حەفتەی داهاتوودا کەشوهەوا سارد دەبێت، خەڵک زیاتر لە هەر کاتێک پێویستییان بە خێمە، پەتوو و جلوبەرگی گەرم و ئامێرەکانی گەرم کەرەوە دەبێت.