كەجەكە بە توندی وەڵامی توركیا دەداتەوە

"توركیا دەخەینە گیژاوێك كۆتاییەكەی دیار نەبێت"

K24 - ھەولێر

هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (كەجەكە) وەڵامی هەڕەشەکانی تورکیا دەداتەوە و دەڵێ، توركیا ئەگەر توركیا نیازی ھێرشكردنی ھەبێت، دەیخەنە گیژاوێك كۆتاییەكەی دیار نەبێت.

جەمیل بایك، هاوسەرۆکی کەجەکە دووپاتیکردەوە، ئەگەر تورکیا نیازی هێرشیکردنی بۆ سەر پێگەکانی ئەوان هەیە لە ھەر شوێنێك، ئەوا دەکەوێتە نێو گێژاوێك کە کۆتایی هاتنەکەی دیار نییە.

بایک جەختیکردەوە، پرسی کورد بە رێگەچارەی سەربازی چارەسەر ناکرێت و کەجەکە هیچ شتێکی نییە لەدەستی بدات پێچەوانەی تورکیا، بە دەستپێکردنی هەر هێرشێکیش، تورکیا زەرەرمەندی سەرەکی دەبێت.

ئەمە لەكاتێكدایە كە حكومەتی توركیا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە، لەم ماوەیەدا ھەڕەشەی ئەوەیان كردووە كە ھێرش دەكەنە سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە و لە ھەموو شوێنێك وەدەریان دەنێن.